راپۆرتێک: ئەم هاوینە زیاتر لە 16 هەزار کەس لە ئەورووپا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایانی کەشوهەوا لە ئەورووپا، مۆدێلێکی نوێیان بەکارهێناوە بۆ دیارییکردنی ژمارەی قوربانیانی کیشوەرەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەگوێرەی ئەو خەمڵاندە نوێیە، دەرکەوتووە هاوینی ئەم ساڵ نزیکەی 16 هەزار و 500 کەس لە ئەورووپا بەهۆی کاریگەریی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی چوارشەممە، زانایانی کەشوهەوا ئەنجامی ئەو توێژینەوەیان بڵاوکردەوە و تێیدا ژمارەی مردووان بەهۆی کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەخەمڵێنێت و دەریدەخات، ژمارەی مردووان پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە کەمی تۆمار دەکرێن، چونکە هۆکارەکانی مردن لە نەخۆشخانەکاندا بە نەخۆشیی دیکەوە دەنووسرێن وەکو؛ کێشەی دڵ، هەناسەدان یان کێشەی تەندروستیی دیکە.
 
بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی توێژەرانی بەریتانیا مۆدێلێکی نوێی کەشوهەوایان بەکارهێناوە بۆ خەمڵاندنی ئەوەی گەرمبوونی گۆی زەوی و پلەی گەرما دەرکەتووە بە تێکڕا 2.2 پلەی سەدی لە 854 شاری ئەورووپا لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و ئاب گەرمتر کردووە. 
 
بەپێی ئەو مۆدێلە نوێیەی خەمڵاندە، نزیکەی 16 هەزار و 500 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە هاوینی ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
 
فریدریک ئۆتۆ، یەکێکە لە توێژەرانی بەشدار لە ئامادەکردنی توێژینەوە نوێیەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "لەم ساتەدا مەحاڵە ئاماری راستەقینەت دەستبکەوێت، بەڵام خەمڵاندنەکە لە ئامارە راستییەکەوە نزیکە." 
 
مۆێدێلە نوێیەکەی زانایانی کەشوهەوا، رەنگدانەوەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری "سرووشتی تەندروستی"ـی ئەمریکییە کە پار بڵاویکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 47 هەزار کەیسی گیانلەدەستدان پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوینی 2023ـی ئەورووپا هەبووە.
 
ئاکشای دیۆراس، توێژەری زانستی لە زانکۆی ریدینگی بەریتانیا دەڵێت "ئەم توێژینەوە نوێیە، ترسی زیاتر دەخاتە نێو خەڵکەوە ئەوەیە، رەنگە ژمارەی راستەقینەی مردووان زیاتریش بێت."
 
توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، زۆرترین کەیسی خەمڵێنراوی گیان لەدەستدانی بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمییەوە تێدا تۆمار کراوە بە 835 گیانلەدەستدان، لە پلەی دووەمیش، شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان دێت بە 630 گیانلەدەستدان، پاشان شاری پاریسە بە گیانلەدەستدانی 409 کەس.
 
توێژینەوە نوێیەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، زیاتر لە 85٪ـی گیانلەدەستدانەکان لەنێو کەسانی سەروو تەمەن  65 ساڵیدا بوون.
 
گاریفالۆس کۆنستانتینۆدیس، یەکێکی دیکە لە توێژەرانی بەشداربوو لەو راپۆرتە زانستییە نوێیەدا، دەڵێت "بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مەترسیی هەیە ببێتە جیاوازی نێوان ژیان و مردن بۆ هەزاران کەس، هەربۆیە شەپۆلەکانی گەرما بە بکوژی بێدەنگ ناسراون."
 
ئەم ساڵ چوارەم گەرمترین هاوینی ئەورووپا بووە لە مێژوودا.