هەڵبژاردنی شارەوانیی نیویۆرک؛ بەربژێرە دیموکراتە موسڵمانەکە چۆن سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی راکێشاوە؟
رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە، چاوی نیویۆرکییەکان بۆ ماوەی دوو کاژێر لەسەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن بوو، بە پەرۆشەوە چاودێریی دیبەیتێکی هەستیاری هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییان دەکرد.
ئەو دیبەیتە، بەهۆی دەرکەوتنی کەسایەتییەکی موسڵمانەوە، بووەتە جێگەی سەرنجی جیهان و گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە گۆڕەپانی سیاسی نیویۆرکدا دروست کردووە.
پیاوێکی موسڵمان (بەربژێری دیموکراتەکان) کە ئێستا بە بەهێزترین بەربژێر دادەنرێت و راپرسییەکان پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو ببێتە یەکەم موسڵمان کە سەرۆکایەتیی شارەوانیی پایتەختی سەرمایەداریی جیهان بکات، سەرنجی زۆری بەلای خۆیدا راکێشاوە.
بەشێکی زۆری دیبەیتی ئەم هەڵبژاردنە لۆکاڵییە تەرخانکرابوو بۆ موناقەشەکردن لەسەر سیاسەتی دەرەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کاریگەرییەکانی کێشە جیهانییەکان گەیشتوونەتە ناو جەرگەی سیاسەتی ناوخۆییترین شارەکانی جیهان.
شەڕەقسەی بەربژێرەکان لەسەر پرسە جیهانییەکان
زۆهران مەمدانی، ئەندامی ئەنجومەنی نیویۆرک و بەربژێری سەرۆکایەتی شارەوانی (دیموکرات)، رەخنەی تووندی لە ئاندرۆ کۆومۆ گرت و گوتی: "داگیرکاری ئاماژەیە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی، کە بەڕێز کۆومۆ هیچ بایەخێکی پێنادات، چونکە لەکاتی ئەم جینۆسایدەدا گوتی ئامادەیە ببێتە پارێزەری بەرگریکاری بنیامین نەتەنیاهوو."
لەسەر ئەم قسانە، ئەندرۆ کۆومۆ، بەربژێری سەرۆکایەتیی شارەوانیی (سەربەخۆ)، وەڵامی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەندامەکەی ئەنجوومەن سەرکۆنەی حەماس ناکات. ئەندامەکەی ئەنجوومەن سەرکۆنەی حەسەن پایکەر ناکات، کە گوتی ئەمریکا شایەنی 11ی سێپتێمبەر بوو."
کێرتیس سلیوا، بەربژێری سەرۆکایەتیی شارەوانی (کۆماری)، هەوڵیدا دۆخەکە ئارام بکاتەوە و گوتی: "سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبوو ستایش بکرێت لەلایەن تۆ زۆهران مەمدانی و تۆ ئەندرۆ کۆومۆ، لەو رۆژەی کە ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی پێکهێنا کە لە میسر کۆبووەوە، کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداوی فارسەوە هاتبوون، من بە دڵنیاییەوە ستایشم کرد بۆ هێنانی ئاشتی بۆ غەززە."
کێرتیس سلیوا: "من بەربژێری یاسا و پارێزگاریم"
دوای دیبەیتەکە، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان، کێرتیس سلیوا، بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند: "پێموایە من بەڕوونی خۆمم وەک بەربژێری یاسا و پارێزگاریی خستەڕوو. ئەوان بێ ئەزموونی و نەبوونی تێگەیشتنیان نیشاندا سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانین ئەم شارە، کە ناوبانگی بەوە رۆشتووە هەویری ددان قفڵ دەکات، بگۆڕین بۆ شارێک کە تاوانباران بەند دەکات."
دوایین راپرسییەکان نیشان دەدەن کە زۆهران مەمدانی 13 خاڵ لە پێش کەسی دووەمە، کە ئەندرۆ کۆومۆیە. مەمدانی خۆی بە سۆشیال دیموکرات دادەنێت و هەندێک لە لایەنگرانی دەڵێن گرانبوونی بژێوی ژیان وایکردووە کە دەنگ بەو بدەن.
لێسلی بێنتلی، دانیشتووی شاری نیویۆرکە بە رووداوی گوت: "نرخی خانووبەرە لەو شوێنەی پێشتر تێیدا دەژیام، واتە واشنتن دی سی، زۆر بەرزبوو و ناچار بووم جێی بهێڵم. هەروەها تازەش ئەوێم جێهێشت بەهۆی ئەوەی ئێستا لەوێ روودەدات و، زۆهران کەسێکە کە پێموایە شار دەپارێزێت بە شێوەیەک کە نەمتوانی [پارێزەرێکی لەوجۆرە] لە واشنتن بیدۆزمەوە."
"زۆهرانی کۆمۆنیستە"
لە دەرەوەی دیبەیتەکە، دژێکی مەمدانی پۆستەرێکی بەرزکردبووەوە کە دەڵێت "زۆهرانی کۆمۆنیستە". رائول ریڤێرا، دانیشتووی شاری نیویۆرک دەڵێت: "سەرەتا، ئەم بێڕێزییەی ئەو بەرامبەر بەم وڵاتە و ئەم شارە هەیەتی، لەوانە باوکی، مەحموود مەمدانی، کە رق و کینە دژ بەم وڵاتە و ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە. ئەوان هیچ خۆشەویستییەکیان بۆ ئەم وڵاتە نییە."
بەهۆی مەرجی دارایی و ژمارەی دەنگەوە، هەموو بەربژێرەکان نەیانتوانی بەشداری دیبەیتەکە بکەن. ئایرین ئیسترادا، بەربژێری سەرۆکایەتیی شارەوانیی (سەربەخۆ) بۆ رووداو گوتی: "نیگەرانی من ئەوەیە کە ناوەندی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردن پێموایە پێویستە شێوازی کارەکانیان بگۆڕن، چونکە رێگە بە هەموو بەربژێرەکان نادات کاتیان پێبدرێت لەسەر تەلەڤزیۆن بن."
هەفتەی داهاتوو بەربژێرەکان دواین دیبەیت ئەنجام دەدەن و نزیکەی سێ هەفتە ماوە تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن کە 4ی تشرینی دووەمە.