جۆن بۆڵتن تۆمەتی مامەڵەی خراپی بە زانیارییە نهێنییەکان رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، تۆمەتی "خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاریی نهێنی" رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بێتاوانە.
 
دیپلۆماتە 76 ساڵانەکە لە دانیشتنێکی دادگەدا لە ویلایەتی مێریلاند، بێتاوانیی خۆی لە 18 تۆمەتدا راگەیاند کە پەیوەستن بە گواستنەوە و هەڵگرتنی زانیاریی نهێنیی بەرگریی نیشتمانی.
 
بۆڵتن بە کەفالەت ئازادکرا و دانیشتنی داهاتووی دادگە لە 21ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
 
بۆڵتن رۆژی پێنجشەممە تۆمەتبارکرا و بووە سێیەم نەیاری ترەمپ لەم چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری ببێتەوە.
 
لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە، بۆڵتن لە رێگەی ئیمەیڵەوە بەڵگەنامەی نهێنیی بۆ دوو "کەس لە دەرەوەی دەسەڵات" ناردووە کە بڕوا دەکرێ هاوژین و کچەکەی بن. 
 
وەزارەتی داد دەڵێ، بەڵگەنامەکان "زانیارییان لەبارەی هێرشی داهاتوو، دووژمنانی بیانی و پەیوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوە تێدابووە." هەریەک لە تۆمەتەکان سزای زیندانیکردنی تاوەکو 10 ساڵی لەسەرە.
 
بۆڵتن لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی: "بوومەتە دوایین ئامانج لە وەزارەتی داد، کە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان [ئیدارەی ترەمپ] بەکاردەهێندرێ."
 
تۆمەتبارکردنی بۆڵتن دوای تۆمەتی تاوانکاریی دوو رەخنەگری دیاری دیکەی ترەمپ دێ کە بریتین لە لێتیشیا جەیمس، داواکاری گشتیی نیویۆرک و جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای.
 
جەیمسی تەمەن 66 ساڵ، لە 9ـی تشرینی یەکەم لە ڤێرجینیا بە تۆمەتی ساختەکاریی بانکی و لێدوانی ناڕاست تۆمەتبارکرا. جەیمس کە پێشتر ترەمپی بە تۆمەتی ساختەکاریی دارایی دادگایی کردبوو، تۆمەتەکانی بە "بێبنەما" و "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" ناوبرد.
 
کۆمیی تەمەن 64 ساڵیش لە 8ی تشرینی یەکەم تۆمەتی پێدانی زانیاریی ناڕاست بە کۆنگرێس و رێگریکردن لە رێکارێکی کۆنگرێسی رەتکردەوە. پارێزەرەکەی رایگەیاند، هەوڵدەدات دۆسییەکە رەتبکرێتەوە بەو پێیەی کە "دادگاییکردنێکی تۆڵەسێنەرەوەیە."
 
بەم دواییە ترەمپ لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا داوای لە پام بۆندی، داواکاری گشتی کرد، رێوشوێن دژی جەیمس، کۆمی و چەند کەسێکی دیکە بگرێتەبەر.
 
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە بۆڵتنی بە "پیاوێکی خراپ" ناوبرد.
 
بۆڵتن لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاری کرد و دواتر بە بڵاوکردنەوەی کتێبێکی رەخنەگرانە بە ناوی (ژووری رووداوەکە) ئیدارەکەی تووڕە کرد.
 
بۆڵتن زۆرجار لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەردەکەوێ و ترەمپ بە "کەسێکی نەشیاو بۆ سەرۆکایەتی" ناودەبات.