بەهۆی تەقینەوەیەک لە زانکۆی یەریڤان، کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە ژێرزەمینی زانکۆی حکومیی یەریڤانی روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی سێ کەسی دیکە. پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەریخستووە تەقینەوەکە لە کۆگەیەکی کیمیایی بووە.
رۆژی هەینی، 17-11-2023، میدیای ئەرمینیا رایگەیاند، "تەقینەوەیەک لە ژوورێکی ژێرزەمینی زانکۆی دەوڵەت لە یەریڤانی پایتەخت روویدا و چوار کەس بوونە قوربانی."
پۆلیسی یەریڤان رایگەیاند، "کەسێک گیانی لەدەستداوە، سێ کەسیش برینداربوونە، هەر چواریان کارمەندی کارگێڕیی زانکۆکە بوون."
بەرپرسان روونیانکردەوە کە تەقینەوەکە بەیانیی رۆژی هەینی لە ژێرزەمینی بەشی کیمیا لە زانکۆی دەوڵەتی یەریڤان لە وێستگەیەکی پەمپکردن کە هاوکات وەک ژووری جلگۆڕین بۆ کارمەندان بەکاردەهێنرێت، روویداوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەرمینیا رایگەیاند، بەردەوامدەبن لە دۆزینەوەی هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە.
زانکۆی یەریڤان کۆنترین زانکۆی ئەرمینیایە لە ساڵی 1919 دامەزراوە. لە کانوونی دووەمی ساڵی 1920، ناوی زانکۆکە گۆڕدرا بۆ زانکۆی گەلی یەریڤان. لە 20ی تشرینی یەکەمی 1923، زانکۆکە ناوی گۆڕدرا بۆ زانکۆی دەوڵەتی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئەرمینیا.
دوای ئەوەی ئەرمینیا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێنا، کەمپی زانکۆی یەریڤانی حکومی لە ساڵی 1994 کرایەوە.
خوێندن لەو زانکۆیە بە زمانی ئەرمەنییە، هەروەها بۆ قوتابییانی بیانی، خوێندن بە رووسی و ئینگلیزیش هەیە. ساڵی خوێندن لە یەکی ئەیلوول تاوەکو 30ی حوزەیرانە.