چوار قاچاخچی لە یۆنان دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی یۆنان دەڵێن، چوار هاووڵاتیی تورکیاییان بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەران دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی 100 کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی وڵاتەکە رزگارکراون.
پاسەوانی دەریاوانیی یۆنان دەڵێت، ئەو چوار کەسە بەشێک بوون لەو 97 کەسەی کە رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، لە باکووری رۆژهەڵاتی دوورگەی کیا لە بەلەمێکدا دۆزراونەتەوە. دوورگەکە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەسینای پایتەختی یۆنان.
پاسەوانی دەریاوانیی یۆنان دەڵێت، سەرنشینەکانی دیکە 32 پیاو، 22 ژن و 39 منداڵ بوون.
دوای ئەوەی لە نزیک دوورگەکەی یۆنان لەلایەن پاسەوانی دەریاوانییەوە گیراون، کۆچبەرەکان بردراونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتە. لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکانیش، بەرپرسانی یۆنان دەڵێن، هاووڵاتیی عێراق، سووریا، میسر، ئەفغانستان و سۆماڵن.
ئەو بەلەمەی کۆچبەرانی بەرەو یۆنان گواستووەتەوە، وەکو بەرپرسانی کەناراوییەکانی یۆنان باسی لێوەدەکەن، لە شاری ئیزمیری تورکیاوە چووە و ویستوویەتی بچێتە ئیتاڵیا. دەشڵێت، هەر کۆچبەرێک لە تورکیا 8,000 یۆرۆی بە قاچاخچییەکان داوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە 10 مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 257 هەزار و 500 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو یەکێتییە 27 وڵاتییەکەوە. ئەوەش پێشانیدەدات کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ژمارەکە بە رێژەی 73٪ زیادیکردووە و لە ساڵی 2016ـەوە بەرزترین رێژەیە.