چوار کۆنگرێسمان بۆ رووداو: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران گۆڕاوە و رژێمەکە لاواز بووە
رووداو دیجیتاڵ
چوار ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانی تایبەتدا بۆ رووداو باس لە گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتی وڵاتەکەیان بەرامبەر ئێران دەکەن.
ئەندامێکی کۆنگرێس دەڵێ: "سەردەمی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئێران بەسەرچوو". ئەندامێکی دیکەش ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا چیدیکە نابێت دەستوەردان بۆ "گۆڕینی وڵاتەکان" بکات، بەڵکو دەبێت گەلانی ناوچەکە خۆیان ئەوە بکەن.
رۆژی سێشەممە 16-12-2025 دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەگەڵ هەریەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا (کیس سێلف، پیت سێشنز، فرێنچ هیڵ و تۆم مەککلینتۆک) قسەی کرد و پرسیاری لەبارەی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران و دۆخی ئاسایشی ناوچەکە لێکردن.
سیاسەتی نوێ و "کۆتایی سەردەمی ئۆباما و بایدن"
تۆم مەککلینتۆک رەخنەی تووندی لە ئیدارەکانی پێشوو گرت و رایگەیاند، ساڵانێکی زۆرە ئێران تیرۆر هەناردە دەکات، "بەداخەوە هەندێکجار بە پشتیوانیی دارایی حکومەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەکانی بایدن و ئۆبامادا، بەڵام ئەو رۆژانە بەسەرچوون."
مەککلینتۆک بە رووداوی گوت، گوشارەکان وایان کردووە ئێستا کۆماری ئیسلامی ناچار بێت پاشەکشە بکات، "نەوەک تەنیا لە دەرەوە، بەڵکو لە نێوخۆش و رژێمەکە لاواز بووە."
"پێویستە ئێرانییەکان خۆیان گۆڕانکاری بکەن"
لەلایەکی دیکەوە کیس سێلف ئاماژەی بە ئەزموونی 20 ساڵەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و دانی بەوەدا نا کە ئەمریکا لە گۆڕینی دەسەڵاتەکان سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئیدارەی ئێستا دەستی کراوە نییە بۆ هەموو کارێک.
سێلف گوتی: "20 ساڵمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەربرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی وڵاتەکان. ئێمە لەمەدا کارێکی زۆر باش ناکەین." لەبەرئەوە پێیوایە سەرەنجام گۆڕانکاریی راستەقینە دەبێت لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بێت و "کاتێک دۆخەکە لەباربێت، گەلی ئێران بە هاوکاریی وڵاتانی جیهان، ئەو ئازادییە بەدەست دەهێنن کە هەوڵی بۆ دەدەن."
گەمارۆی دارایی و هاوپەیمانێتییە مەترسیدارەکان
فرێنچ هیڵ، ئەندامی کۆنگرێس باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە رووی ئابوورییەوە بەردەوام دەبێت لە "تەسککردنەوەی دەستگەیشتنی ئێران بە دارایی جیهانی."
هیڵ بە رووداوی گوت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە "کەنداو، ئیسرائیل و ئەورووپا کار بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەی چەک و تیرۆر دەکەین."
ئەو کۆنگرێسمانە نیگەرانیی خۆی لە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین دەربڕی و گوتی: "هاوبەشییەکانیان لەگەڵ چین و رووسیا بە هیچ جۆرێک لە خزمەت ئاشتی و دیموکراسی و یارمەتیدانی گەلی ئێراندا نین."
دەقی قسەی کۆنگرێسمانەکان:
کیس سێلف: "پێموایە تەواوی سیاسەتەکە لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهانیش دروستە. دەبێت هەموومان هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەین. وەک گوتم، تێدەگەم خەڵکی ئێران چەندین هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی ئێرانێکی ئازادیان هەبێت. ئەوە زۆر سەخت دەبێت و دەبێت لەمە تێبگەین، بەڵام ئێستا، هەنگاوەکانی ئیدارەی ئەمریکا سنووردارکراون، چونکە 20 ساڵمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەربرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی وڵاتەکان. ئێمە لەمەدا کارێکی زۆر باش ناکەین. بۆیە کاتێک دۆخەکە لەباربێت، پێموایە گەلی ئێران بە هاوکاریی زۆر وڵات لە سەرانسەری جیهان، ئەوە بەدەست دەهێنن کە هەوڵی بۆ دەدەن."
پیت سێشنز: "دواجار سەرۆکێکمان هەیە کە نەوەک تەنیا لە مەترسییەکانی رژێمی ئێران دەزانێت، بەڵکو ئەو دڕندەییەش دەبینێت کە [ئێران] دژی گەلەکەی دەیکات. بەڵام پێموایە گرنگە لەبیرمان بێت کە ئەمە پێویستی بەوەیە هەموومان ئاگاداری ئەوان بین؛ سزاکان و هەنگاوەکان. ئەمە ئەو شوێنەیە کە پێموایە سەرۆکەکەمان ژیرانە رێگەی بەو شەڕانە داوە کە بەپێی پێویست روودەدەن، ئەوەش بەهۆی ئێرانییەکان و ئیسرائیل و مەترسییەکانی ناوچەکە. لەو رێگەیەش توانیومانە گۆشەگیری دروست بکەین و زۆر بە دۆناڵد ترەمپش خۆشحاڵم."
فرێنچ هیڵ: "پێموایە گرنگە ئەمریکا لە دیپلۆماسیی ئابووری بەردەوام بێت، بۆ سنووردارکردن و تەسککردنەوەی دەستگەیشتنی رژێمی ئێران بە دارایی جیهانی. هەروەها پێموایە گرنگە ئەمریکا، لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە کەنداو، ئیسرائیل و ئەورووپا، بەرپەرچی هەناردەی تیرۆر و هەناردەی چەکی ئێران بدەنەوە. من لەبارەی هاوبەشییەکانیان لەگەڵ چین و رووسیا نیگەرانم کە بە هاوبەشیی نازانم بۆ ئاشتی یان بۆ فرەیی و دیموکراسی یان بە هیچ جۆرێک هاوبەشییەک کە یارمەتیی گەلی ئێران بدات. بۆیە لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبین. پێشموایە بۆ خەڵکی ئێران گرنگە بزانن کە لەسەر بنەمای دوو پارت و دوو ئەنجوومەن [واتە بەکۆی دەنگی کۆماری و دیموکراتەکان] لێرە لە ئەمریکا، ئێمە لەگەڵ ئێران هاوسۆزین."
تۆم مەککلینتۆک: "بەداخەوە ئێران ساڵانێکی زۆرە تیرۆر هەناردە دەکات، هەندێکجار بە پشتیوانیی دارایی حکومەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەکانی بایدن و ئۆبامادا، [بەڵام] ئەو رۆژانە بەسەرچوون. پێموایە ئێستا ئێران ناچارکراوە پاشەکشە بکات و لاواز بووە، نەک تەنیا لە دەرەوە، بەڵکو لە ناوەوەش."