بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی ڤەنزوێلا بازاڕی شڵەژاند؛ نەوت بەرزبووەوە و پشکی کۆمپانیاکان فڕین
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەمەش راستەوخۆ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی گەمارۆدانی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە "سزادراوانە"ی دەرکرد، کە روو لە ڤەنزوێلا دەکەن یان لێیەوە دێن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بۆرسەکانی ئەورووپا و وزە دروستکرد.
هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساسی ئەمریکی (WTI) لە سەرەتای مامەڵەکاندا بە رێژەی زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوە، بەرلەوەی دواتر دابەزنەوە بۆ نزیکەی 1.5٪.
نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ 59.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نەوتی تەکساس بەرزبووەوە 55.96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
فەواد رەزاقزادە، شرۆڤەکاری (Forex.com) دەڵێ: "هەواڵە گەورەکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گەمارۆی نەوتیی بەسەر ڤەنزوێلادا سەپاند."
ئەم بڕیارە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکانی وزە لە ئەورووپا، بەتایبەتی (BP) و (Shell) کە پشکەکانیان نزیکەی 2٪ بەرزبووەوە.
ئەم بەرزبوونەوەیە بەشێک لەو زیانانەی قەرەبوو کردەوە کە رۆژی سێشەممە بەهۆی هەواڵی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکراینا تووشی نەوت ببوو. لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ سزای زیاتر بۆ کەرتی نەوتی رووسیا ئامادە دەکات، ئەگەر پووتین رێککەوتنی ئاشتی رەت بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی، فەرمانی بە گەمارۆیەکی دەریایی تەواو بۆ سەر "ئەو کەشتییە نەوتییانە" کردووە، کە بەرەو ڤەنزوێلا دەچن و لێی دەردەچن، ئەمەش هەڵمەتی گوشارخستنە سەر حکومەتی کاراکاسی تووندتر کردووەتەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ.
ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا سەرقاڵی جێگیرکردنی هێزێکی سەربازیی گەورەیە لە دەریای کاریبی؛ بە قسەی خۆی ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکانە، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئامانجی سەرەکیی گوشارخستنە سەر حکومەتی ڤەنزوێلایە.
ڤەنزوێلا، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە هەڵمەتێکی دووژمنکارانە و گوشارێکی ئابووری و سەربازی بۆ لابردنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکە دەبینێت، کە واشنتن و زیاتر لە چەندین وڵاتی دیکە بە سەرۆکێکی ناشەرعیی دەزانن و دان بە سەرۆکایەتییەکەیدا نانێن.
ترەمپ، لە پلاتفۆرمی Truth Socialـی خۆی نووسیویەتی، "ئەمڕۆ، من فەرمان بە گەمارۆیەکی تەواو و سەرتاسەریی هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوانە دەکەم کە دەچنە ڤەنزوێلا و لێی دێنە دەرەوە."
ترەمپ، گوتیشی: "رژێمی ناشەرعیی مادورۆ نەوتی ئەو کێڵگە نەوتییە دزراوانە بۆ دابینکردنی دارایی خۆی، تیرۆری ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کوشتن و رفاندن بەکاردەهێنێت."