فیفا پارەی خەڵاتەکانی مۆندیالی زیادکرد؛ براوەی جامەکە 50 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

فیفا رایگەیاند، براوەی مۆندیالی 2026 بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات وەردەگرێت، ئەمەش بەشێکە لە گەورەترین تەرخانکردنی دارایی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا.
 
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (FIFA) وردەکاریی خەڵاتەکانی مۆندیالی داهاتووی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کۆی گشتیی خەڵاتەکان 655 ملیۆن دۆلارە (558.5 ملیۆن یۆرۆ)، کە بە رێژەی نزیکەی 50٪ زیادیکردووە بەراورد بەو 440 ملیۆن دۆلارەی بۆ تیپە بەشداربووەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دابینکرا بوو.
 
مۆندیالی ساڵی 2026 کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا لە 11ـی حوزەیران تاوەکو 19ـی تەممووز بەڕێوەدەچێت، دەبێتە یەکەم پاڵەوانێتی کە 48 هەڵبژاردە تێیدا بەشداربن، ئەمەش واتە زیادبوونی ژمارەی تیپەکان بە نزیکەی 50٪ بەراورد بە 32 هەڵبژاردەکەی پێشوو.
 
زیاتر لە ئەرجەنتین
 
سێ ساڵ لەمەوبەر، یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی توانییان جامەکە ببەنەوە، 42 ملیۆن دۆلاریان وەرگرت، لەکاتێکدا فەرەنسا دوای دۆڕاندنی لە یاریی کۆتاییدا 30 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
 
پشکی دووەم و سێیەم
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە مۆندیالی 2026ـدا، ئەو هەڵبژاردەیەی دەچێتە یاریی کۆتایی و دەدۆڕێت (پلەی دووەم)، بڕی 33 ملیۆن دۆلار دەباتەوە. خاوەنی پلەی سێیەم 29 ملیۆن دۆلار و پلەی چوارەمیش 27 ملیۆن دۆلار وەردەگرێ.
 
تەنانەت ئەو هەڵبژاردانەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەکرێنە دەرەوە، 9 ملیۆن دۆلار وەردەگرن. جگە لەوەش، هەموو 48 وڵاتە بەشداربووەکە بڕی 1.5 ملیۆن دۆلاری زیادەیان پێدەدرێت بۆ "خەرجیی ئامادەکاری."