نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە سیاسەتی بەریتانیا دژ بە پەنابەران دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم مانگەوە د. بەرهەم ساڵح وەکو کۆمیساری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR دەستبەکار بووە. لە راپۆرتێکدا کە رۆژێک بەر لە دەستبەکاربوونی لەلایەن کۆمیساریاکەدا ئامادەکراوە (واتە پێش ئەو بووە) و ئەم رۆژانە بڵاوبووەتەوە، باسی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە بەمدواییانە بەریتانیا لە سیاسەتی کۆچبەریی خۆیدا کردوونی.
ئەو گۆڕانکارییانە گوشاری گەورەیان لەسەر کۆچبەران و لەنێویشیاندا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری کوردی بەریتانیا دروستکردووە. ئەو گۆڕانکارییانە پەنابەرانیش دەگرێتەوە، ئەمەش دامەزراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی نیگەران کردووە؛ بۆ نموونە پەنابەرانیش وەکو کۆچبەرانی دیکە مافی مانەوەی کاتییان دەکرێتە دوو ساڵ و نیو.
هەروەها دەبێت بە بەردەوامی ئیقامەکەیان هەڵبسەنگێندرێتەوە و بڕیار بدرێت کە نوێ دەکرێتەوە یان نا؛ واتە ئیقامەی هەمیشەیی نادرێت. UNHCR پێیوایە، ئەمە نادڵنیایی و ناسەقامگیری و تەنانەت کێشەی ئیداریش دروستدەکات بۆ کۆچبەران و وڵاتی بەریتانیاش.
هەروەها ئیقامەی کاتی وادەکات خۆگونجاندن بە زەحمەتتر ببێت و دەستکەوتنی خانوو و کاریش ئاسان نەبێت. جگە لەوەش، بڕیاردان لەسەر ئەو هەموو کەیسانە کێشە بۆ هۆم ئۆفیس (واتە وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا) دروستدەکات. بەهۆی ئەوەی هێنانی خێزان بۆ ئەوانەی وەکو پەنابەر وەرگیراون، وەکو ئەوانەی لێکراوە کە وەکو کۆچبەر هاتوونەتە بەریتانیا، وادەکات ئەوانەی مەترسییان لەسەرە و زەحمەتی بۆ هێنانی کەسوکاریان دروستدەکرێت، بیر لە رێگەی قاچاخ بکەنەوە.
ئەوەش، وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بە پێچەوانەی مادەی 8ی رێککەوتننامەی ئەورووپایە بۆ مافەکانی مرۆڤ. هەروەها بۆ ئەوانەیش کە داوای پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان دەکەن (لەنێو کوردی بەریتانیا بە ئەپیڵ ناسراوە)، ئەوانەش کێشەی گەورەیان بۆ دروستبووە، چونکە ئێستا زووتر بڕیار لەسەر کەیسەکان دەدرێت و ئەوەش ریسکی بڕیاردانی هەڵە زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی وەک دامەزراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نیوەی ئەوانەی داوای ئەپیڵ دەکەن، بە بڕیاری دادگا مافی مانەوە وەردەگرن.