دەیان وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی بڕیارێکی ئیسرائیل دەوەستنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری زیاتر لە 80 وڵات و رێکخراو لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی بڕیارێکی نوێی ئیسرائیل بۆ فراوانترکردنی دەسەڵاتەکەی لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین دەکەن.
 
ریاز مەنسوور، نوێنەری فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی بڕیار و رێوشوێنە تاکلایەنەکانی ئیسرائیل دەکەین کە ئامانجیان فراوانکردنی ئامادەیی نایاسایی ئیسرائیلە لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین. ئەم جۆرە بڕیارانە پێچەوانەی پابەندبوونەکانی ئیسرائیلن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێنەوە."
 
زۆرێک لەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی فەلەستینیان کرد، ئەندامی "بۆردی ئاشتی"ن، کە لە چوارچێوەی پرۆژەکەی ئیدارەی ترەمپە بۆ بونیاتنانەوە غەززە. بۆردەکە رۆژی پێنجشەممە بڕیارە لە واشنتن کۆببێتەوە بۆ راگەیاندنی پێنج ملیار دۆلار وەکو هاوکاریی بەڵێندراو بۆ یارمەتیدانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەدوای شەڕ.
 
لە غەززە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گلەیی دەکەن لەوەی ئیسرائیل سنووری لەسەر کارەکانیان داناوە؛ ئەوەش وایکردووە نەتوانن بە خێرایی ئەو شارە خاپووکراوە بنیات بنێنەوە، کە پێش دواین شەڕ زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدا دەژیا.
 
ئەلێکساندەر دی کرۆ، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) بە رووداوی راگەیاند، "لەم بارودۆخەی ئێستادا، ئێمە بەڕاستی پێویستمان بە هەموو دەستێکە، بەڕاستی کاتی ئەوەیە هەمووان پێکەوە کار بکەن، هەر جۆرە پاڵپشتییەک چ دارایی بێت یان کارگێڕی و مەیدانی، جێگەی دەستخۆشییە. 2.2 ملیۆن کەس لە غەززە هەن، وەکو گوتم، لە بارودۆخێکی زۆر زۆر زۆر سەختدا دەژین. بۆیە هەر هاوکارییەک بۆ دابینکردنی رێڕەوی زیاتر بە شێوەیەکی سەلامەت، دەبێتە یارمەتیدەر بۆیان."
 
ئیسرائیل دەڵێت، دۆخەکە ئاڵۆزترە. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، سنووردارکردنەکان لەبەر هۆکاری ئەمنین. بۆ نموونە دەڵێن، رێگە نادەن هەندێک کەرەستەی بیناسازی بچێتە نێو غەززەوە، چونکە گرووپی چەکداریی حەماس دەکرێت بۆ دروستکردنی تونێل و چەک بەکاریبهێنێت.
 
لە کاتێکدا مشتومڕەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن، داهاتووی بووژانەوەی غەززە و ژیانی ملیۆنان کەس لەوێ بە نادیاری ماوەتەوە.