جەی دی ڤانس: هیچ ململانێیەک لەنێوان من و مارکۆ روبیۆدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەنگۆی هەبوونی هەر ناکۆکییەک لەنێوان خۆی و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە بەشێک لە میدیاکان وەک دوو رکابەری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 ناویان دەبەن.
رۆژی سێشەممە 17ی شوباتی 2026، جەی دی ڤانس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "زۆر سەرنجڕاکێشە کە میدیاکان دەیانەوێ ململانێیەک دروستبکەن لەو شوێنەی کە هیچ ناکۆکییەکی لێ نییە."
دوای تێپەڕبوونی تەنیا ساڵێک بەسەر خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، جارێکی دیکە لە نێوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا باسی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێ.
ڤانس لەو بارەیەوە گوتی، "من داوام لە گەلی ئەمریکا کرد ئەم پۆستەی ئێستام پێبدەن، بۆیە هەوڵ دەدەم کارەکەم بە باشترین شێوە بکەم و لە داهاتوودا خەمی کارەکانی دیکە دەخۆین."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رکابەریی نێوان ڤانس و روبیۆ، بە پێکەنینەوە ئاماژەی بەوە کرد، "من خەمی ئەوەم نییە کێ دەبێتە جێگرەوەم، سێ ساڵی دیکەم لەبەردەمە و هەردووکیان کەسایەتیی ناوازەن."
مارکۆ روبیۆ لە کانوونی یەکەمی رابردوودا بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، "ئەگەر ڤانس خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکات، ئەو دەبێتە بەربژێری ئێمە و منیش یەکەم کەس دەبم پشتگیری لێدەکەم."