کەنەدا پلانێکی گەورەی سەربازی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پلانێکی ستراتیژیی دەیان ملیار دۆلاری بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند. ئامانجی سەرەکی لە پلانەکە کەمکردنەوەی پشتبەستنی کەنەدایە بە ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی.
ئەم راگەیاندنەی کارنی کە وەک یەکەم ستراتیژیی پیشەسازیی بەرگریی کەنەدا دادەنرێت، لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 11 مانگی دەسەڵاتیدا چەندین جار رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرتووە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە جیهانێکی پڕ مەترسیدا وەک پێویست کاری بۆ بەرگریکردن لە خۆی نەکردووە و گوتی، "ئێمە زۆر پشتبەستووین بە هەڵکەوتەی جوگرافیمان و وڵاتانی دیکە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی خاڵی لاواز کە چیدیکە ناتوانین بەرگەی بگرین و پشتبەستنێکە کە ناتوانین بەردەوام بین لەسەری."
مارک کارنی کە بووەتە یەکێک لە دەنگە دیارە رەخنەگرەکان دژی ئیدارەی ترەمپ، مانگی رابردوو لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی رایگەیاند کە ترەمپ بووەتە هۆی دروستبوونی "درز" لەو سیستمە جیهانییەی لەسەر بنەمای یاسا دامەزراوە.
کارنی ئاماژەی بە گوتارێکی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و جیاوازیی قووڵی بەهاکانی نێوان ئۆتاوا و واشنتنی خستەڕوو رەخنەی لەوە گرت کە دیپلۆماتە باڵاکەی ئەمریکا باسی لە "ناسیۆنالیزمی کریستیانی" کردووە بۆ بەرگریکردن لە واشنتن.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، "ناسیۆنالیزمی کەنەدی، ناسیۆنالیزمێکی مەدەنییە. ئەرکی ئۆتاوا پاراستنی مافی هەمووانە لە وڵاتێکی فرەچەشندا. ململانێیەک لە نێوان ناسیۆنالیزمی کەنەدی و جۆرەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمدا هەیە."
ئەمە لەکاتێکدایە، مارکۆ روبیۆ لە کۆنفرانسی میونشن رایگەیاند کە "شارستانیەتی رۆژئاوا" لە رێگەی "باوەڕی کریستیانی، کولتوور، میرات، زمان و قوربانییەکانی باو و باپیرانمانەوە" پێناسە دەکرێ.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەم پلانە ستراتیژییە بڕی "نیو تریلیۆن دۆلار" بۆ ئاسایش، گەشەپێدانی ئابووری و سەروەریی کەنەدا تەرخان دەکات.
بەگوێرەی پلانەکەی حکومەتەکەی مارک کارنی، بڕی 80 ملیار دۆلار وەک خەرجیی سەربازیی راستەوخۆ بۆ پێنج ساڵی داهاتوو تەرخانکراوە؛ هاوکات بڕی 180 ملیار دۆلار بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییە بەرگرییەکان و 290 ملیار دۆلاری دیکەش بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاسایش و بەرگری لە دە ساڵی داهاتوودا خەرج دەکرێ.