موسڵمانانی ئایسلەندا زیاتر لە 18 کاژێر بەڕۆژوو دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان، ئەم ساڵ تێکڕای کاژێرەکانی بەڕۆژووبوون لە جیهاندا لە نێوان 12 بۆ 18 کاژێر دەبێت. وڵاتانی باکووری ئەورووپا و کەنەدا لە سەرووی لیستی ئەو ناوچانە دێن کە درێژترین ماوەی بەڕۆژووبوونیان هەیە.
لە مانگی رەمەزاندا، موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان بە رۆژوو دەبن، بەڵام ماوەی بەڕۆژووبوونەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە؛ ئەم جیاوازییەش پەیوەندی بە دووری و نزیکیی وڵاتەکان لە هێڵی کەمەرەیی و جەمسەرەکانی زەوییەوە هەیە.
درێژترین ماوەی بەڕۆژووبوون
بەپێی ئامارەکان، دانیشتووانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوی بەهۆی درێژیی رۆژ لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، زۆرترین کات بەڕۆژوو دەبن:
رێیکیاڤیک (ئایسلەندا): 18 کاژێر و 10 خولەک.
نووک (گرینلاند): 17 کاژێر و 50 خولەک.
هێلسینکی (فینلاند): 17 کاژێر و 10 خولەک.
ئۆسلۆ (نەرویج): 17 کاژێر.
گلاسگۆ (سکۆتلەندا): 16 کاژێر.
کورتترین ماوەی بەڕۆژووبوون
بە پێچەوانەەوە ئەو ناوچانەی دەکەونە نیوەی باشووری گۆی زەوی کورتترین ماوەی بەڕۆژووبوونیان دەبێت:
کریستچەرچ (نیوزلەندا): 12 کاژێر و 15 خولەک.
پۆرتۆ مۆنت (چیلی): 12 کاژێر و 20 خولەک.
کانبێرا (ئوسترالیا): 12 کاژێر و 40 خولەک.
مۆنتیڤیدیۆ (ئۆرۆگوای) و جۆهانسبێرگ (باشووری ئەفریقا): نزیکەی 12 کاژێر و 50 خولەک.
هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا، کاتەکان لە یەکدییەوە نزیکن و بە تێکڕا لە نێوان 13 بۆ 15 کاژێر دەبن.
لە هەرێمی کوردستان، موسڵمانان لە سەرەتای مانگی رەمەزاندا نزیکەی 12 کاژێر و 26 خولەک بەڕۆژوو دەبن، بەڵام لە کۆتایی مانگەکەدا بەهۆی درێژبوونی رۆژ، ماوەکە بۆ نزیکەی 13 کاژێر و 31 خولەک زیاد دەکات.
سەبارەت بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە؛ لە وڵاتانی کەنداو وەک سعودیە و ئیمارات، ماوەی بەڕۆژووبوون نزیکەی 13 کاژێر و نیوە، هاوکات لە میسر و وڵاتانی مەغریب نزیکەی 14 کاژێر و 15 خولەک دەبێت.