راپۆرتێک: بە ئەگەری 90٪ ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە هەموو کاتێک زیاتر لە جەنگێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە و میدیایەکی ئەمریکیش ئاشکرای دەکات، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران 90٪ـە و مۆڵەتی دوو هەفتە بە تاران دراوە.
رۆژی چوارشەممە 18-02-2026، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی گفتوگۆکانی جنێڤ نەیانتوانی جیاوازییە قووڵەکان و هێڵە سوورەکانی واشنتن چارەسەر بکەن، ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێزی سەربازیی ئەمریکا کە بە "ئارماداکەی ترەمپ" ناوبراوە، ئێستا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، 12 کەشتیی جەنگی، سەدان فڕۆکە و چەندین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەخۆدەگرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 50 فڕۆکەی جەنگیی نوێ لە جۆرەکانی (F-35, F-22 و F-16) گەیشتوونەتە ناوچەکە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای هەندێک پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممەی جنێڤ لەنێوان (جارێد کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف) و عەباس عێراقچی، بەڵام "هێشتا بۆشاییەکان گەورەن."
ڤانس گوتی: "زۆر روونە کە سەرۆک کۆمەڵێک هێڵی سووری داناوە کە ئێرانییەکان هێشتا ئامادە نین بەکردەیی کاری لەسەر بکەن؛ ترەمپ دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، بەڵام رەنگە بڕیار بدات کە دیپلۆماسی گەیشتووەتە کۆتاییە سروشتییەکەی خۆی."
یەکێک لە راوێژکارەکانی ترەمپ بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە: "سەرۆک خەریکە بێزار دەبێت؛ هەرچەندە هەندێک کەس لە دەوروبەری هۆشداریی دەدەنێ لە جەنگ، بەڵام پێموایە بە رێژەی 90% لە چەند هەفتەی داهاتوودا چالاکیی سەربازی دەبینین."
واشنتن مۆڵەتی "دوو هەفتە"ـی داوەتە تاران تاوەکو پێشنیازێکی نوێ و ورد پێشکەش بکات، ئەگەرنا بژاردەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سیناریۆی جەنگ لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دەکات، کە ئامانجەکەی تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە، بەڵکو "رووخاندنی رژێمی تارانە."
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە لە حوزەیرانی 2025دا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی جەنگێکی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو بە ناوی "چەکووشی نیوەشەو"، کە تێیدا ئەمریکا لە کۆتاییەکانیدا بەشداریی کرد بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییە ژێرزەوییەکان.