سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەستبەکاربووەوە و بەڵێنی گۆڕانکاریی رادیکاڵ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سانای تاکایچی، بە فەرمی وەک سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەستبەکاربووەوە، ئەمەش 10 رۆژ دوای سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتدا.
تاکایچی تەمەن 64 ساڵ، کە لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە وەک یەکەمین ژن لە مێژووی ژاپۆن بووە سەرۆکوەزیران، توانی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 8ـی شوباتی 2026، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان (دوو لەسەر سێ) بۆ پارتەکەی بەدەستبهێنێت. تاکایچی رایگەیاند، ئەم سەرکەوتنە نیشانی دەدات گەل دەیەوێت "گۆڕانکاریی جیدی لە سیاسەتەکاندا" بکرێت.
تاکایچی بەڵێنی داوە بەرگرییەکانی ژاپۆن بۆ پاراستنی خاک و سنوورە ئاوییەکانی وڵات بەهێزتر بکات، کە پێشبینی دەکرێت ئەمە پەیوەندییەکانی تۆکیۆ و پەکین ئاڵۆزتر بکات.
لە تشرینی دووەمی رابردوو، تاکایچی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر چین بیەوێت بە زەبری هێز تایوان کۆنتڕۆڵ بکات، رەنگە ژاپۆن دەستوەردانی سەربازی بکات. ئەم لێدوانە پەکینی زۆر توڕە کردووە و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، رۆژی شەممە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ژاپۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت "سەربازیگەری زیندوو بکاتەوە".
دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانی
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، پڕۆژەیاسایەک پێشکێش دەکات بۆ دامەزراندنی "ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانی" و داڕشتنی یاسایەک دژی سیخووڕی. هەروەها بەڵێنی دا ستراتیژی "ئیندۆ-پاسفیکی ئازاد و کراوە" (FOIP) نوێ بکاتەوە، چونکە بە گوتەی گوتەبێژی حکومەت، بارودۆخی نێودەوڵەتی و ژینگەی ئەمنیی دەوروبەری ژاپۆن زۆر سەختتر بووە.
ئابووری و باج
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان، تاکایچی بەڵێنەکەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ باجی بەکاربردن (Consumption Tax) لەسەر خۆراک لادەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری دەدات کە قەرزەکانی ژاپۆن روو لە زیادبوونە و لادانی ئەم باجە زیان بە داهاتی دەوڵەت دەگەیێنێت.
تاکایچی بڕیارە رۆژی هەینی گوتارێکی تێر و تەسەل لەسەر کارنامەی حکومەتەکەی پێشکێش بکات، کە تێیدا باسی تووندکردنی رێساکانی کۆچبەری و دەرکردنی یاسایەک بۆ قەدەخەکردنی سوکایەتیکردن بە ئاڵای ژاپۆن دەکات.