لە تونس یادی هێرشەكەی سەر مۆزەخانەی باردۆ دەكرێتەوە
رووداو - تونس
لە ساڵڕۆژی هێرشەكەی سەر مۆزەخانەی باردۆ لە تونس، مۆزایکێکی گەورە بۆ قوربانییانی ئەو هێرشە درووستکرا و وێنەی سەرجەم قوربانییان لەخۆدەگرێت و بڕیارە لەو رۆژەدا نمایش بکرێت، ئەمڕۆ هەینی ساڵێک بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕدەبێت کە لە هێرشی چەند چەکدارێک بۆ سەر مۆزەخانەی باردۆ لە تونس 22 کەس بوونە قوربانی.
لە 18ـی ئاداری ساڵی رابردوو، چەکدارە توندئاژۆکان 21 گەشتیاری بیانی و پۆلیسێکی تونسییان کوشت.
تیمیێکی هونەرمەندان لە هۆڵێکدا سەرقاڵی درووستکردنی ئەو مۆزاییکەن و بەرپرسن لە درووستکردنی ئەو کارە هوونەرییە کە بۆ قوربانییانی رووداوەکە درووستکراوە.
مەولدی قاسم بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکان دەڵێت "ئەمە نامەیەکە بۆ هەموو جیهان و پێیان دەڵیین، تونس وڵاتی ئاشتی و پێکەوە ژیان و برایەتییە، هەروەک نامەیەکیشە بۆ ژیانەوەی هونەر لە تونس".
ئەو کارە هوونەرییە لەلایەن پەنجا کەس درووستکراوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکەوە رۆژانە 10 کاژێر کارییان تێدا کردووە، بەشێک لەو کەسانەی لە درووستکردنی مۆزایکەکە بەشداربوون سەر بە کۆمپانیای "خانەی جەم" بوون، کە خانەیەکی تایبەتە بە درووستکردنی مۆزایک، لەو کارەشدا ماددەیەکی تایبەت بەکاردەهێندرێت و دەکرێتە پارچەی بچووک و لە درووستکردنی دەم و چاوی قوربانییەکاندا بەکارهاتووە.
رەزا حەفیز، بەڕێوەبەری خانەی جەم گوتی "مانەوە بەدیار وێنەی قوربانییانی رووداوەکە بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو کاریگەری زۆری بەسەر ئێمەوە هەبوو، وێنەکانییان رۆژانە دەهاتنە پێش چاومان و کارمان لەسەری دەکرد، بەڕاستی کاریگەرە، گەنجان و کچان و پیاوان، بوونە قوربانی، بەڕاستی کاریگەربوو".
درێژی مۆزایکەکە 12 مەترە و بەرزاییەکەشی نزیکەی دوو مەتر و نیوە، کە بە ناونیشانی "نو سوم توس باردو" واتە "هەموومان لەگەڵ باردۆین" نمایش دەکرێت، تێچووی پڕۆژەکەش لە ئەستۆی خانەی جەمە.