ترەمپ: سوپای ئێرانمان بە تەواوەتی تێکشکاندووە و پێویستمان بە یارمەتیی ناتۆ و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و رایگەیاند، ئەمریکا بە تەنیا توانیویەتی توانای سەربازیی ئێران لەناوببات.
 
رۆژی چوارشەممە 18-03-2026 ترەمپ رایگەیاند، زۆربەی هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ بە واشنتنیان راگەیاندووە، نایانەوێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی "رژێمی تێرۆریستیی ئێران" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێوەبگلێن.
 
ترەمپ گوتی، "ئەمە سەرەڕای ئەو راستییەی کە نزیكەی هەموو وڵاتێک بە تەواوی هاوڕان لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەیکەین، نابێت بە هیچ شێوە و رێگەیەک رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بەم هەڵوێستەی وڵاتانی ناتۆ سەرسام نییە، چونکە هەمیشە ناتۆی وەک "رێگەیەکی یەک لایەنە" بینیوە کە تێیدا ئەمریکا ساڵانە سەدان ملیار دۆلار بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانە خەرج دەکات، بەڵام ئەوان لە کاتی پێویستدا هیچ بۆ ئەمریکا ناکەن.
 
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا وێنەیەکی وێرانکەری سوپای ئێرانی کێشا و گوتی: "خۆشبەختانە، ئێمە سوپای ئێرانمان تێکشکاندووە. هێزی دەریایییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، سیستمی دژە فڕۆکە و راداریان نەماوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، گرنگترین دەستکەوت ئەوەیە کە "سەرکردەکانیان لە نزیكەی هەموو ئاستێکدا نەماون،" و بەڵێنی دا، جارێکی دیکە هەرگیز ناتوانن هەڕەشە لە ئەمریکا، هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست یان جیهان بکەنەوە.
 
بەهۆی ئەو سەرکەوتنە سەربازییانەی بەدەستهاتوون، ترەمپ رایگەیاند، وڵاتەکەی چیدی "پێویستی" بە هاوکاریی وڵاتانی ناتۆ نییە و ئارەزووشی ناکات و گوتی: "ئێمە هەرگیز پێویستمان پێیان نەبووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەمان هەڵوێستی بەرامبەر بە وڵاتانی ژاپۆن، ئوسترالیا و کۆریای باشوور دووپاتکردەوە و لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: "وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسە دەکەم، کە بە جیاوازییەکی زۆر بەهێزترین وڵاتە لە هەر شوێنێکی جیهاندا، ئێمە پێویستمان بە یارمەتیی هیچ کەسێک نییە."