راپرسی: زۆربەی کەنەدییەکان دەیانەوێ وڵاتەکەیان لە جەنگی ئێراندا بێلایەن بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە، ئەنجامی راپرسییەکی نوێ دەری دەخات کە زۆرینەی هەرە زۆری هاووڵاتییانی کەنەدا پێیان وایە دەبێت حکومەتەکەیان لەم جەنگەدا بێلایەن بمێنێتەوە، لە بەرامبەردا تەنیا یەک لەسەر چواری کەنەدییەکان پشتیوانی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن.
 
بێلایەنی یان پشتیوانی؟
 
بەگوێرەی راپرسییەکە کە لەنێوان 13 بۆ 16ی ئاداری 2026 ئەنجامدراوە، 67٪ی کەنەدییەکان دەڵێن دەبێت ئۆتاوا بێلایەن بێت و پشتیوانی لە هیچ لایەنێکی جەنگەکە نەکات. لە بەرامبەردا 25٪ پێیان وایە دەبێت کەنەدا پشتیوانی لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، هاوکات 13٪ لەگەڵ پشتیوانیکردنی ئێراندان.
 
ئەندرۆ ئینس، جێگری سەرۆکی دەزگای لێجێر کە راپرسییەکەیان ئەنجام داوە، دەڵێت، رەنگە زۆرێک لە کەنەدییەکان ئەم جەنگە وەک "بڕیارێکی هەڵەشە"ی دۆناڵد ترەمپ ببینن و گومانیان لەسەر سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەبێت، هەر بۆیە بێلایەنییان هەڵبژاردووە.
 
راپرسییەکە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان پیاوان و ژناندا پیشان دەدات؛ 33٪ی پیاوان پشتیوانی لە هێرشەکان دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا 18٪ی ژنان هاوڕان. 
 
هەمان راپرسی لە نێو ئەمریکییەکانیشدا ئەنجامدراوە و دەریدەخات کە 44٪ی ئەمریکییەکان دژی جەنگەکەن و 38٪یان پشتیوانی لێ دەکەن. لەنێو ئەمریکییەکانیش زیاتر لە سێ لەسەر چواری لایەنگرانی پارتی کۆماری پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران دەکەن، لە بەرامبەردا تەنیا 15٪ی دیموکراتەکان لەگەڵ جەنگەکەدان.
 
نیگەرانییە گەورەکان: ئاسایش و ئابووری

کەنەدییەکان نیگەرانن لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر وڵاتەکەیان:
 
91٪ نیگەرانن لە گرانبوونی نرخی بەنزین و خۆراک.
 
82٪ دەترسن تەنگژەی ئابووریی جیهانی ببێتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار لە کەنەدا.
 
70٪ ترسیان لە ئەگەری روودانی هێرشی تیرۆریستی لە کەنەدا هەیە.
 
69٪ نیگەرانن لەوەی سوپای کەنەدا رابکێشرێتە نێو جەنگەکەوە.
 
ناردنی هێزی زەوینی و کەرتی وزە
 
سەبارەت بە ناردنی سەرباز بۆ بەرەکانی جەنگ، 60٪ی کەنەدییەکان دەڵێن تەنیا بۆ بەرگریکردن لە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی بکرێتە سەر، رازی دەبن بە ناردنی هێز؛ هەروەها 54٪ پشتگیریی ناردنی هێز دەکەن بۆ پاراستنی پاڵاوگەکان و رێڕەوەکانی کەشتیوانی بۆ پاراستنی ئابووریی جیهان.
 
لە لایەکی دیکەوە نزیکەی 75٪ی بەشداربووان پێیان وایە دەبێت کەنەدا دەستبەجێ بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سرووشتی زیاد بکات تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی جەنگەکەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست بووە.