سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دۆسڵدۆرف بەڕێوە دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بە دروشمی "یەکێتی و بەرخودان" دەستی پێ کرد. ئەم فێستیڤاڵە کە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە دوو هۆڵی جیاوازی سینەمای شارەکە بەڕێوە دەچێت، پرۆگرامەکەی لە 29 بەرهەمی سینەمایی پێکهاتووە، لەوانە (3 فیلمی درێژ، 9 بەڵگەفیلم و 17 کورتەفیلم).
فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، فیلمی درامیی "هەڤاڵ براکۆ"یە لە دەرهێنانی (نومان یەکیت) کە بەرهەمێکی ساڵی 2025ـی رۆژئاوای کوردستانە. ئەم فیلمە چیرۆکی تێکچوونی خەونەکانی منداڵی لەژێر سێبەری جەنگ دا دەگێڕێتەوە. ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە دوو برا دەکات کە بەهۆی جەنگەوە لێک جیا دەبنەوە، بەڵام سەرەڕای دووری و ئازارەکان، دڵیان لای یەکە.
رەوەند جەواد، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە بە دیاسپۆرای راگەیاند، جگە لە فیلمە کوردییەکان چەندین فیلمی نێونەتەوەیی کە تایبەت بە دۆزی کورد بەرهەم هێنراون، بەشدارن.
سەبارەت بە بەشداریی سینەماکاران، رەوەند جەواد باسی لەوە کرد کە بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخراوی فڕۆکەخانەکان، سینەماکارانی کورد نەیانتوانیوە بەشداریی ئەو خولەی فێستیڤاڵەکە ببن.