راپۆرتێک: ئەمریکا ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکات؛ تەنیا 4 رۆژ بۆ ئاگربەست ماوە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە کاتی واشنتن، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی لە "ژووری بارودۆخە نائاساییەکان" لە کۆشکی سپی ئەنجامدا، بۆ تاووتوێکردنی قەیرانی نوێی تەنگەی هورمز و داهاتووی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران؛ ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا 4 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست ماوە.
 
رۆژی شەممە 18-4-2026، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی "ئاکسیۆس"ـیان راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ و سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنە بەڕێوەچووە. 
 
هەروەها سوزی وایڵز، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکە بۆ ئاژانسەکە دواوە و هۆشداریی دا: "ئەگەر بەمزووانە وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی روونەدات، ئەوا جەنگەکە لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە."
 
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە تاران، کەمتر لە 24 کاژێر دوای گەشبینییەکانی ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، جارێکی دیکە داخرانی تەنگەی هورمزی راگەیاندەوە و هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە لە نووسینگەی هێلکەیی بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئێرانییەکان کەمێک فێڵبازانە رەفتار دەکەن، دەیانویست جارێکی دیکە تەنگەکە دابخەنەوە، بەڵام ئەوان ناتوانن سەرانەستێنیمان لێ بکەن."
 
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، واشنتن ئێستا لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدایە و گوتی: "تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ دەزانم ئایا بەرەو رێککەوتن هەنگاو دەنیین یان نا."
 
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان، قەیرانی نوێی هورمز رێک کاتێک سەریهەڵدا کە لایەنەکان پێشوەچوونیان لە نزیککردنەوەی دیدگاکانیان لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم و یەدەگی ئەتۆمیی ئێران بەدەستهێنابوو.
 
ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی نوێی لە رێگەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستانەوە رەوانەی تاران کردووە، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت ئێستا خەریکی پێداچوونەوەن و وەڵامیان نەداوەتەوە.