نێچیرڤان بارزانی و پاپا لیۆی چواردەیەم دۆخی ناوچەکە و پێکەوە ژیانیان تاوتوێ کرد
رووداو دییجتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ڤاتیکانە و لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان کۆبووەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵکردنی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان و ئیتاڵیا، لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاپا لیۆی چواردەیەم لە ڤاتیکان، پەیوەندیی دوو لایەنە و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.
زنار شینۆ دەڵێ، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستان و پاپای ڤاتیکان دوو قۆڵی بووە و نزیکەی 45 خولەکی خایاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زنار شینۆ، پەیوەندی قووڵ و مێژوویی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لەگەڵ ڤاتیکان، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە.
نێردراوی رووداو لە ڤاتیکان دەڵێ: "بۆ ڤاتیکان دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتان گرنگە. بەرپرسانی باڵا کاتێک میوانداری سەرۆکێک دەکەن، مەبەستیانە گوێی لێ بگرن. پاپای ڤاتیکان مەبەستی بوو گوێ لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بگرێ و پێکەوە دۆخەکەیان تاوتوێ کردووە".
هەر ئەمڕۆ نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووەم کۆبوونەوەی لە ڤاتیکان کرد و لەگەڵ کاردینا پیترۆ پارۆلین، کە سکرتێری دەوڵەتە و وەکو سەرۆکی حکومەتی ڤاتیکان دەناسرێت کۆبووەوە.
کاردیناڵ پێترۆ پارۆلین بە دۆستی کورد ناودەبرێ و پێشتر چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. زنار شینۆ دەڵێ، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخی ناوچەکە و پێکەوەژیانیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
نێردراوی رووداو گوتی: "دوای ئەم کۆبوونەوانە، کۆبوونەوە فەرمییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئیتاڵیا دەستپێدەکەن و یەکەم کۆبوونەوەی لە وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا دەبێ".
زریان رۆژهەڵاتی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێ: "ئێستا شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئەویش شەڕی ئێرانە. پێش ئەوەش جەنگی دیکە هەبووە. دۆخی ئەو شەڕانە کاریگەرییان لەسەر ئیتاڵیا و ئەورووپا و کریستیانەکان بەشێوەیەکی سەرەکی دەتوانێ پاڵنەرێکی گەورە بێت بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵییەکان بۆ ئەوەی بیانەوێ پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژە پێبدەن".
زریان رۆژهەڵات گوتی: "بۆ هەرێمی کوردستان، هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ شوێنێکی وەکو ڤاتیکان کە خیتابی زیاتر لە ملیار و نیوێک مرۆڤ دەکات لەسەر زەوی و گەورەترین و بەهێزترین وڵاتانی جیهان پەیڕەوی لە مەزهەبەکەیان دەکەن، دەکرێ هەوڵێک بێ بۆ برەودان بە دۆزی کورد؛ هەروەها برەودانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە".
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی: "بەشێکی پەیوەندییەکان بۆ برەودانە بە پەیوەندیی دوولایەنە؛ هەروەها بەشێکی دیاریکراویشی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی تاکەکەسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان".
زریان رۆژهەڵاتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2014 ـەوە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ڤاتیکان 14 کۆبوونەوەی "گرنگ"یان کردووە، لەو ژمارەیە نۆ کۆبوونەوەیان راستەخۆ لەگەڵ پاپا بووە، لەوەش پێنج کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەکانی ڤاتیکان، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە.
د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەبەست لە سەردانەکە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانە".