ئەمریکا چاوپۆشیکردن لە سزاکانی سەر نەوتی رووسیا بۆ 30 رۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بڕیاری داوە تاوەکو 30ی رۆژی دیکەش چاوپۆشی لەو سزایانە بکات کە خراونەتە سەر ئەو بارە نەوتانەی رووسیا کە ئێستا لە دەریادان، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە نرخی وزە لە جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
سکۆت بێسێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، نوێترین "مۆڵەتی گشتیی کاتیی 30 رۆژە" وا دەکات "وڵاتە هەرە هەژارەکان بتوانن بەشێوەیەکی کاتی دەستیان بەو نەوتەی رووسیا بگات کە ئێستا لە دەریادا ماوەتەوە و گیریخواردووە."
 
دووەم جارە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەو رێکارە کاتییە درێژدەکەنەوە، کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونی نەوتە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
 
لە وەڵامی هێرشەکاندا، ئێران هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج و بە کردەییش تەنگەی هورمزی داخستووە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی پێنجیەکی دابینکردنی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
 
لێخۆشبوونی پێشوو بۆ نەوتی رووسیا لەنێو دەریادا، لە 16ـی ئایاردا کۆتایی هاتبوو.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، بەکاربەرانی ئەمریکیش بە سەختی هەست بە گرانیی نرخی بەنزین دەکەن کە بەراورد بە سەرەتای شەڕەکە  زیاتر لە 50٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمریکا یەکەم جار لە مانگی ئاداردا بڕیاری لێخۆشبوونی سزاکانی بۆ ئەو بارە نەوتانەی رووسیا دەرکرد کە لە دەریادا بوون.
 
ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا رەخنەی ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای لێکەوتووەتەوە، کە وڵاتەکەی لە 2022ـەوە لە جەنگدایە لەگەڵ رووسیا.
 
بێسێت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم درێژکردنەوەیە "نەرمی زیاتر دابین دەکات" و "یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێگیرکردنی بازاڕی نەوتی خاو و دڵنیابوون لەوەی نەوت دەگاتە ئەو وڵاتانەی کە لە رووی وزەوە زۆرترین پێویستیان پێیەتی."