شاکیرا لە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج لە ئیسپانیا بێتاوان دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئیسپانیا بە فەرمی ئەستۆپاکیی شاکیرا، گۆرانیبێژی ناسراوی کۆڵۆمبی لە تۆمەتی "خۆدزینەوە لە باج" راگەیاند و دۆسیەکەی بە تەواوی داخست.
دادگەی بارسیلۆنا رۆژی دووشەممە بڕیاری دا کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نییە، بیسەلمێنێت شاکیرا بە مەبەست هەوڵی دابێت خۆی لە باجدان بدزێتەوە. ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بە ساڵی 2018ـەوە هەبوو، کە تێیدا داواکاری گشتیی ئیسپانیا شاكیرای تۆمەتبار کردبوو بەوەی بڕی 6.6 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 7.2 ملیۆن دۆلار) باجی بە حکومەت نەداوە.
داواکاری گشتی پێشتر رایگەیاندبوو، شاکیرا تۆڕێکی ئاڵۆزی کۆمپانیاکانی لە وڵاتانی دیکە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی داهاتەکانی بشارێتەوە و باج نەدات. بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و پێداچوونەوە بە بەڵگەکاندا، داواکاری گشتی مانگی رابردوو داوای کرد دۆسیەکە دابخرێت، چونکە نەیانتوانی بسەلمێنن کە ئەو کارەی گۆرانیبێژەکە بە مەبەستی تاوانکاری یان خۆدزینەوە بووبێت.
بەپێی یاسای ئیسپانیا، هەر کەسێک زیاتر لە 183 رۆژ لە ساڵێکدا لەو وڵاتە بژی، دەبێت باجی تەواوی داهاتەکەی (لە ناوەوە و دەرەوەی ئیسپانیا) بداتە حکومەت.
ئەم بڕیارەی دادگە، کۆتایی بە کێشە یاساییەکانی شاکیرا لە ئیسپانیا هێنا. لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا، لە دۆسیەیەکی دیکەی هاوشێوەدا سەبارەت بە باجەکانی نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2014، شاکیرا ناچار بوو رێککەوتنێک لەگەڵ دادگە بکات. لەو کاتەدا دانینابوو بەوەی باجی نەداوە و بۆ ئەوەی نەچێتە زیندان، بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 8 ملیۆن دۆلار) پێبژاردنی دابوو.
شاکیرا کە پێشتر لەگەڵ جیرارد پیکێ، یاریزانی پێشووی یانەی بارسیلۆنا دەژیا، لە ساڵی 2022 لێی جیا بووەوە و ئێستا لەگەڵ دوو کوڕەکەی لە شاری مەیامی لە ئەمریکا دەژی.