سەرۆکی کوبا: هێرشی ئەمریکا دەبێتە هۆی خوێنڕشتنێکی گەورە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کوبا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی "خوێنڕشتنێکی گەورە" کە لێکەوتەکانی چاوەڕواننەکراو دەبن؛ دەشڵێت، وڵاتەکەی هیچ نیازێکی شەڕانگێزی بەرامبەر واشنتن نییە.
 
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، میگوێل دیاز، سەرۆکی کوبا لە ئێکس لەبارەی هەڕەشە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ سەر کوبا رایگەیاند: "هەڕەشەی دەستدرێژیی سەربازی لە لایەن گەورەترین هێزی جیهانەوە بۆ سەر کوبا، کارێکی ئاشکرایە. خودی ئەم هەڕەشەیە بە تەنیا تاوانێکی نێودەوڵەتییە."
 
سەرۆکی کوبا هۆشداری دا، ئەگەر ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بکرێت، "دەبێتە هۆی خوێنڕشتنێک کە ئەنجامەکانی ناخەمڵێندرێن، جگە لەوەی کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت."
 
"کوبا مەترسی نییە"
 
میگوێل دیاز ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان مەترسییەک نین بۆ سەر هیچ وڵاتێک و گوتی: "کوبا نە پلانی شەڕانگێزی هەیە و نە هیچ مەبەستێکی خراپی بەرامبەر وڵاتان هەیە. ئێمە هیچ نیازێکی خراپمان بەرامبەر ئەمریکا نییە و هەرگیزیش نەمانبووە؛ حکومەتی ئەو وڵاتە و دەزگا ئەمنی و بەرگرییەکانیان ئەم راستییە زۆر بە باشی دەزانن."
 
سەبارەت بەو گوشارانەی لەسەر وڵاتەکەیەتی، دیاز ئاماژەی بەوە کرد، کوبا پێشتریش رووبەڕووی "دەستدرێژیی هەمەلایەنە" بووەتەوە لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام مافی رەهای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات؛ دەشڵێت، "مافی بەرگری لە خۆ ناکرێت وەک پاساوێک بەکاربهێنرێت بۆ سەپاندنی جەنگ بەسەر گەلی شکۆمەندی کوبادا."
 
ئەم لێدوانانەی میگوێل دیاز لە کاتێکدا دێن، کە ئیدارەی تره‌مپ گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی بۆ سەر حکومەتی هاڤانا تووندتر کردووەتەوە و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بووەتە جێگەی نیگەرانیی لایەنە نێودەوڵەتییەکان. کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکەش ترسی ئەوەیان هەیە هەر پێکدادانێکی نوێ، دۆخی مرۆیی ناوچەکە بەرەو داڕمان ببات.
 
هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر کوبا 
 
رۆژنامەى (یو ئێس ئەى تودەى) بڵاویکردەوە، پلاندانانی سەربازی بۆ کوبا بەشێوەیەکی بێدەنگ لە نێو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پەرەی پێدەدرێت. 
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە ئەم پلانە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە ئیدارەی ترەمپ هەناردەی نەوتی بۆ کوبا بڕی، تاوەکو هاڤانا ناچار بە گۆڕانکاریی سیاسیی ریشەیی بکات.
 
هەروەها، ئامادەکارییە سەربازییەکان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە، چاوەڕوانە بەمزووانە "شەرەفی گرتنی کوبا بە جۆرێک لە جۆرەکان"ـی پێ ببڕێت. 
 
ترەمپ گوتبووی: "من ئازادی بکەم یان بیگرم، پێموایە دەتوانم هەرچییەکم بوێت بەو وڵاتەی بکەم"؛ ئاماژەی بەوەش کردووە: "رەنگە دوای ئەوەی کۆتاییمان بەمە هێنا (ئاماژە بۆ جەنگی ئێران)، سەرێک لە کوبا بدەین".