نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی پاپا لیۆی 14یەم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات
2 کاژێر لهمهوپێش
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆبووەوە و بە فەرمی بانگهێشتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کردووە، پاپای ڤاتیکان خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە و "ستایشی قووڵی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دووپاتم کردەوە کە کریستیانەکان و هەموو پێکهاتە ئایینییەکان نەک تەنها بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و شوناسی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەردەوامن لە داڕشتنی داهاتوویان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "جەختم لەوە کردەوە بۆ قەداسەتی پاپا کە پاراستنی ماف و کەرامەت و ئامادەیی ئاشتییانەی [کریستیانەکان] لە نیشتمانی باوباپیرانیاندا هەمیشە ئەرکی ئێمە دەبێت."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە سوپاسەوە سەردانی مێژوویی پاپا فرانسیسی کۆچکردووم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بیرهێنایەوە، و بانگهێشتنامەم پێشکێشی قەداسەتی پاپا کرد بۆئەوەی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات."
پێشنيوهڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن قەداسەتی پاپا ليۆى چواردهیەم، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. ههروهها رۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناخە سەختەکاندا، بهرز نرخاند."
لە تەوەرێکی ديكهی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کراوە و ههردوولا هیوایان خواستووە کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتەدی.
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
شەرەفمەند بووم بە دیداری قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەهەم ئەمڕۆ لە ڤاتیکان.
دووپاتم کردەوە کە کریستیانەکان و هەموو پێکهاتە ئایینییەکان نەک تەنها بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و شوناسی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەردەوامن لە داڕشتنی داهاتوویان.
جەختم لەوە کردەوە بۆ قەداسەتی پاپا کە پاراستنی ماف و کەرامەت و ئامادەیی ئاشتییانەی [کریستیانەکان] لە نیشتمانی باوباپیرانیاندا هەمیشە ئەرکی ئێمە دەبێت.
پێزانینی قووڵی عێراق و هەرێمی کوردستانم بۆ سەرکردایەتیی ئەخلاقیی ڤاتیکان و رۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی دیالۆگ و پێکەوەژیان لە سەرانسەری جیهاندا دەربڕی.
هەروەها بە سوپاسەوە سەردانی مێژوویی پاپا فرانسیسی کۆچکردووم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بیرهێنایەوە، و بانگهێشتنامەم پێشکێشی قەداسەتی پاپا کرد بۆئەوەی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.