سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە لە ناوچەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان ستایشی هەرێمی کوردستانی کردووە وەک "نموونەیەکی زیندوو و سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا."
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026 لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڤاتیکان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ڤاتیکان، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان تاوتوێ کران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە ناوچەکەدا کردەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ڤاتیکان لە برەودان بە ئاشتی و سەقامگیری دووپات کردەوە؛ لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان "ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەکی زیندوو و سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا."
 
تەوەرێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتە مرۆیییەکانی گرژی و ئاڵۆزییەکان؛ لەوباره‌يه‌وه‌ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا.