وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانمان بۆ ئێوە بەردەوام دەبن

رووداو دییجتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە رۆما کۆبوونەوە؛ گویدۆ کرۆسێتۆ رایگەیاند: رۆما لە پێشکێشکردنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18-05-2026، لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
 
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازی و ئەمنی دا تاوتوێ کراون، هەروەها جەخت لە هاریکاریی هاوبەش کراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.
 
هەر لەو دیدارەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ رۆڵی "گرنگی" ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پێشکێشکردنی راوێژ و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی لە بەردەوامیی پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، رۆما لە پێشکێشکردنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوام دەبێت.
 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و گویدۆ کرۆسێتۆ باسیان لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەی گرژییەکان کرد؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
 

 
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ ڕۆما لەگەڵ بەڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازی و ئەمنیدا و هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر تاوتوێ کران.
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
لای خۆیەوە، بەڕێز کرۆسێتۆ جەختی لە بەردەوامیی پابەندى و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕايگه‌ياند كه‌ ئيتاڵيا له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكاريى سه‌ربازى و ئه‌منى بۆيان؛ به‌رده‌وام ده‌بێت.
 
تەوەرێکی ديكه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی گرژییەکان بوو. تيايدا هەردوولا لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تيرۆر، هاوڕا بوون.