لیندزی گراهام: دانوستاندن بێ بەکارهێنانی هێز رژێمی ئێران بوێرتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێگەی هێز و باڵادەستییەوە لەگەڵ تاران کۆببێتەوە؛ دەشڵێت، وەڵامێکی سەربازیی "کورت بەڵام تووند" بۆ رێکخستنەوەی بارودۆخی جەنگەکە پێویستە.
رۆژی دووشەممە 18ی ئایاری 2026، لیندسی گراهام لە نووسینێکدا لە ئێکس پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێران دەربڕی و گوتی: "متمانەی تەواوم هەیە کە سەرۆک ترهمپ بە باشی لە دۆخی ئێران تێدەگات و چیدی بەرگەی رەتکردنەوەی دانوستاندن و دەستدرێژییەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز و ناوچەکەدا ناگرێت."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە، بەشێکی وەڵامەکەی ئێران هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی بوو. لە رۆژی 2ی ئاداریشەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمەش نرخی نەوتی بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
گراهام ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە رووی سەربازی و ئابورییەوە زۆر لاواز بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا شەڕانگێزتر بووە. ئەو گوتی: "وەڵامێکی کورت بەڵام تووند لەم کاتەدا، دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی ململانێکان بە ئاراستەیەکی دروست."
ئەم سیناتۆرە هۆشداری دا کە بەردەوامبوون لە دانوستاندنەکان بەبێ هەبوونی کاردانەوەیەکی سەربازیی بەهێز، تەنیا جەنگەکە درێژە پێدەدات و دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان لای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. گراهام راشیگەیاند: "دەبێت ئەوەی دەستمان پێکردوە، تەواوی بکەین. گفتوگۆی بێ هێز تەنیا رژێمی تێرۆریستیی ئێران بوێرتر دەکات."
ئەم لێدوانانەی لیندسی گراهام لە کاتێکدا دێن کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر گوشارێکی زۆری سەربازیدایە و ئیدارەی ترهمپ لە هەوڵدایە لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و هەڕەشەی هێرشی نوێ، تاران ناچار بە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بکات.