چۆن ترەمپ لەژێر گوشاری ئیسرائیلدا هەڵوێستی بەرامبەر ئێران گۆڕی؟
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی مانگی ئایاری 2025، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرقاڵی پلانێکە بۆ هێرشێکی گەورە و نزیک بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەوە دڵنیابوونەوە، کە نەتەنیاهوو بڕیاری داوە بە پشتیوانیی ئەمریکا بێت یاخود نا، ئەو هێرشە ئەنجامبدات. پێچەوانەی هەڕەشەکانی پێشووی، وادیاربوو ئەمجارە نەتەنیاهوو پلانی چەند هێرشێکی سنوورداری نەبوو، بەڵکو هێرشێکی گشتگیر، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر مان و نەمانی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەوڵە دیپلۆماسییەکە
دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2025ـی بەو هیوایەوە دەستپێکرد، کە بتوانێت دەستکەوتێکی مێژوویی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدەستبهێنێت، ئەویش کۆتاییهێنان بوو بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە رێگەی دانوستاندنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ستیڤ ویتکۆفی هاوڕێی نزیکی خۆی کردە نێردەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ترەمپ نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسی و بە "نامەیەکی جوان" ناوی دەبرد.
پەیامەکەی ترەمپ لەو نامەیەدا سادە بوو: "من شەڕم ناوێت. نامەوێت لەسەر نەخشە بتانسڕمەوە. من رێککەوتنم دەوێت."
پێشنیازەکەی ئیدارەی ترەمپ، پشنیازێکی گشتگیر بوو. ئێران هەموو پیتاندنێکی یۆرانیۆم رابگرێت، لە بەرامبەردا بەشداری لە کۆمەڵەیەکی هەرێمی بۆ وزەی ناوەکی دەکات، کە ئەمریکا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو تێیدا بەشدار دەبن. ترەمپ متمانەی بەخۆی و هەوڵەکانی هەبوو، بەڕاستی باوەڕی وابوو دەتوانێت لەو شوێنەدا سەرکەوتوو بێت، کە سەرۆکەکانی پێش خۆی شکستیان هێنابوو.
کەمپینی گوشارەکانی نەتەنیاهوو
زیاتر لە دەیەیەکە بنیامین نەتەنیاهوو هۆشداریی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەدات، بەڵام هەمیشە رووبەڕووی دیوارێکی بەرز دەبووەوە، کاتێک سەرۆکەکانی ئەمریکا داواکارییەکانیان رەتدەکردەوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو. لە کاتی سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی لە مانگی شوبات، چەند پەیجەرێکی زێڕین و زیوینی پێشکەش بە ترەمپ کرد، هەمان ئەو ئامێرانەی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا بەکاریهێنابوون. هەروەها زانیاریی وردی هەواڵگری لەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ترەمپ شیکردەوە. پلانەکەی نەتەنیاهوو دوو لایەنی هەبوو، یەکەم، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر دەکات لەکاتێکدا لە رووی سەربازییەوە لاوازتر دەبێت. دووەم، هەڕەشەی سەربازیی جیدی پێویستە بۆئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەرکەوتوو بن. لە مانگی نیسان، نەتەنیاهوو راستەوخۆ داوای بۆمبی "قەڵاشکێن" (bunker-buster)ی ئەمریکی لە ترەمپ کرد، بۆ وێرانکردنی دامەزراوە ژێرزەمینییەکەی فۆردۆی ئێران. ترەمپ داواکەی رەتکردەوە و دژی پلانەکەی نەتەنیاهوو وەستایەوە و پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت کاتی زیاتر بە دیپلۆماسی بدرێت.
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان
بەدرێژایی وەرزی بەهار، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چاودێریی ئامادەکارییە جیدییەکانی ئیسرائیلیان دەکرد بۆ هێرشکردن. لە کۆتایی مانگی ئایار، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی (CIA)، جۆن راتکلیف، بە ترەمپی راگەیاند، کە هێرشێکی ئیسرائیل نەک تەنیا ئەگەرێکە، بەڵکو ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، جا ئەمریکا بیەوێت یان نا. زانیارییەکانی بەڕێوەبەری CIA ورد بوون، ئیسرائیل هێزی لەسەر زەوی لەنێو ئێراندا جێگیر کردبوو و خۆی بۆ هەڵمەتێکی چەند قۆناخی ئامادە دەکرد، کە زۆر لە هێرشە سنووردارەکانی پێشووتر فراوانتر دەبوو. نەتەنیاهوو گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە کۆگەی مووشەکیی گەشەسەندووی ئێران و پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، "پەنجەرەیەکی کاتی" بۆ کردووەتەوە، کە خەریکە دادەخرێت.
بڕیارەکەی کامپ دەیڤد
لە رۆژی 8ی حوزەیران، ترەمپ گەورە راوێژکارەکانی لە کامپ دەیڤد بۆ کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز کۆکردەوە، کە نزیکەی دوو کاژێر و نیوی خایاند. لەو کۆبوونەوەیەدا جۆن راتکلیف دوایین زانیارییەکانی خستەڕوو. هەڵسەنگاندنەکەی راتکلیف روون و راشکاو بوو، ئیسرائیل بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەم زووانە هێرش دەکات.
تیمەکەی ترەمپ سێ بژاردەی سەرەکیی سەربازییان ئامادە کردبوو: یەکەم، پشتگیریی سنووردار، ئەمریکا تەنیا هاوکاریی هەواڵگری و سووتەمەنی پێشکێش بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بکات. دووەم، هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا. سێیەم، ئۆپەراسیۆن بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بۆمبهاوێژ و ژێردەریاییەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی هێرشەکە بکەن.
بژاردەی چوارەم، بەکارهێنانی هێزی تایبەتی زەمینی بوو، خێرا رەتکرایەوە.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی هەموو شتێکی گۆڕی
لە 9ی حوزەیران، نەتەنیاهوو پەیوەندی بە ترەمپەوە کرد و هەواڵی کۆتایی پێدا و پێیگوت: هێرشەکە "دەستپێدەکات." نەتەنیاهوو نیازەکانی خۆی خستەڕوو و پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان پێشوەختە لەنێو خاکی ئێراندا جێگیر کراون. دەگوترێت ترەمپ سەرسام بووە بە وردی و ئاڵۆزیی پلانە سەربازییەکە و دواتر بە راوێژکارەکانی گوتووە: "پێموایە دەبێت یارمەتی بدەین."
ترەمپ هێشتا دوودڵ بوو. ئەو دەیویست پرسی ئێران بە شێوازی خۆی چارەسەر بکات، نەک بە شێوازی نەتەنیاهوو، هێشتا باوەڕی بە تواناکانی خۆی هەبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام وردە وردە ئەو بڕوایەی لا دروست دەبوو، کە ئێران لە دانوستاندنەکاندا "تەنیا یاریی پێدەکات و کات دەکوژێت."
ساتەکانی کۆتایی دیپلۆماسی
لە سەرەتای حوزەیراندا، ویتکۆف پێیوابوو ئەمریکا و ئێران "لەسەر لێواری رێککەوتن بوون." بەڵام لە 4ی حوزەیران، خامنەیی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەتکردەوە. ئارامیی ترەمپ بەرەو نەمان دەچوو، بەڵام دەیویست دوایین هەل بە دیپلۆماسی بدات پێش ئەوەی بڕیاری چارەنووسساز بدات.
دەستپێکردنی هێرشەکە
بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەکاتی ئیسرائیل، نەتەنیاهوو هێرشەکەی دەستپێکرد. سەرەتا ترەمپ خۆی بەدوور گرت، یەکەم لێدوانی فەرمی ئەمریکا لەلایەن وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆوە بوو، کە بەشێوەیەکی روون خۆی لە ئاماژەدان بە پشتیوانیی ئیسرائیل بەدوور گرت، سەرەڕای ئەوەی هاوکارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون، بەڵام کاتێک هێرشەکان کاریگەریی وێرانکەریان پێشان دا، هەڵوێستی ترەمپ بەخێرایی گۆڕا. لە کاتی سەیرکردنی رووماڵی بەردەوامی کەناڵی فۆکس نیوز، ترەمپ دەستی کرد بەوەی شانازی بەو رۆڵەوە بکات، کە لە پشتی پەردەوە گێڕاویەتی.
زیادبوونی دەستوەردانی ترەمپ
لە ماوەی چەند رۆژێکدا، ترەمپ لە چاودێرێکی دوودڵەوە بوو بە بەشداریێکی چالاک. رێگەی بە پێشکێشکردنی هاوکاریی هەواڵگریی بەرچاوی ئەمریکا دا و بە جیدی بیری لە داواکەی نەتانیاهوو دەکردەوە، سەبارەت بە بۆمبە قەڵاشکێنەکانی ئەمریکا بۆ وێرانکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپدا، کە تەنیا دوو مانگ پێشتر دژی هەر کارێکی سەربازی بوو.
دۆخی ئێستا و ئاراستەی داهاتوو
تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، هەڵوێستی ترەمپ بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئێستا سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت بووەتەوە، یان بڕیاری چارەنووسساز بدات بەرەو لێدانی راستەوخۆی ئێران، یان رێگەیەکی دەرچوون بدۆزێتەوە، کە هەم پەیوەندییەکەی لەگەڵ نەتەنیاهوو بپارێزێت و هەم بەڵێنەکەی بۆ خۆبەدوورگرتن لە شەڕێکی نوێی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەی وەکو هەوڵێکی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی دەستیپێکرد، گۆڕاوە بۆ یەکەم قەیرانی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، قەیرانێک کە دەتوانێت میراتی سەرۆکایەتییەکەی و رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لەئاڵۆزیدا دیاری بکات.