حکومەتی چین 791 هاووڵاتیی لە ئێرانەوە گەڕاندووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لەو کاتەوەی ئیسرائیل دەستی بە هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران کردووە، نزیکەی 800 هاووڵاتیی لە ئێرانەوە گواستووەتەوە.
گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "تاوەکو ئێستا 791 هاووڵاتیی چینی لە ئێرانەوە بۆ ناوچە سەلامەتەکان گوێزراونەتەوە."
گوۆ جیاکون گوتیشی، هەندێک هاووڵاتیی چینی بە سەلامەتی لە ئیسرائیلیشەوە دەرباز کراون.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران و چەند ئامانجێکی دیکە لە سەرانسەری ئێران کرد.
ئێرانیش لە بەرامبەردا مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممەش رایگەیاند، مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە.