ترەمپ وێنەی بوش و کلنتن لە کۆشکی سپی لادەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکدا کە بە شکاندنی نەریتی نێو سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت، بە بڕیاری ترەمپ، دوو وێنەی کێشراوی جۆرج بوش و بیڵ کلنتن، هەردوو سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کە لە هۆڵی چوونەناوەوەی سەرەکی کۆشکی سپی دانرابوون، لادران.
 
بە بڕیاری ترەمپ هەردوو وێنە کێشراوەکان کە بە دیواری ئەو هۆڵە سەرەکییەوە هەڵواسرابوون و هەموو کەس و سەردانیکارێک دەیبینین، بۆ ژوورێكی لاتەنیشت گوازراونەتەوە کە کەم کەس دەتوانێت چاوی پێبکەوێت و زیاتر ژوورێكە بۆ زەخیرەکردنی کەلوپەلە کۆن و بەکارهێنراوەکان.
 
لەبری هەردوو وێنەکە، دوو وێنەی کێشراوی دیکە دانراون کە ئەوانیش تایبەت بە وڵیەم مێکێنڵی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کە لەساڵی 1901 تیرۆرکرا و سییۆدۆر رۆزفێڵت، جێگرەکەی کە لەشوێنی مێکێنڵی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو.
 
بەگوێرەی هەندێ سەرچاوەی میدیایی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەرگەی بینینی رۆژانەی وێنەکانی بوش و کلنتنی نەبووە بۆیە بڕیاری داوە بە لادانیان لە هۆڵە سەرەکییەکەی کۆشکی سپی.
 
هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە هۆکاری سەرەکی دژایەتی ترەمپ بۆ کلنتن، بۆ هیلەری کلنتن، هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە کە نەیارێکی سەرسەختی ترەمپ بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 2016دا.
 
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ بۆکاروباری ئاسایشی نیشتمانی لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ هەمیشە بە سووکی تەماشای جۆرج بوشی باوک و بوشی کوڕی کردووە.