ئێران لە "دەستوەردانی رووسیا" لە کاروباری دوورگەکانی کەنداو نیگەرانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەستوەردانەکانی رووسیا لە کاروباری دوورگە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێران و ئیمارات نەگونجاون و روونکردنەوەکانی مۆسکۆش سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم دواییەی وڵاتەکە لەو بارەوە نیگەرانییەکانی تارانی نەڕەواندووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تاران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا و تێیدا ئاماژەی بە راگەیێندراوێکی ئەم دواییەی رووسیا تایبەت بە دورگەکانی کەنداو کرد و هەڵوێستی رووسیای بە "نەگونجاو" ناوبرد.
عەبدوڵڵاهیان گوتی، "کاتێک کە شتەکە دێتە سەر سەربەخۆیی و سەروەریی خاک، ئێمە هیچ گوتەیەک لە هیچ کەسێك قبووڵ ناکەین".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای راگەیێندراوەکەی رووسیا و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، بەرپرسانی مۆسکۆ روونکردنەوەیان داوە و گوتی: "ئێمە روونکردنەوەمان لەلایەن بەرپرسانی مۆسکۆوە پێگەیشت، بەڵام ئێمە ئەو روونکردنەوانە بە گونجاو نابینین."
لە 10-7-2023، وەزیری دەرەوەی رووسیا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای "چارەسەرێکی ئاشتییانە"یان کرد بۆ هەرسێ دوورگە کێشە لەسەرەکانی کەنداو و ئەوەش نیگەرانی ئێرانی لێکەوتەوە.
دوورگە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێران و ئیمارات بریتین لە ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک کە کەوتوونەتە نزیک گەرووی هورمز.
لە ساڵی 1971ـەوە ئێران کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەرسێ دووگەکەدا هەیە، بەڵام ئیمارات دوورگەکان بە خۆی دەزانێت و داوای گەڕانەوەیان دەکات بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی.