رووسیا: بە درێژایی 1.5 کیلۆمەتر بە ئاراستەی خارکیڤ پێشڕەویمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای رووسیا دەڵێت، سەربازانی وڵاتەکەی بە درێژایی 1.5 کیلۆمەتر بە ئاراستەی خارکیڤ پێشڕەوییان کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا لە تۆڵەی رووخاندنی پردی کریچ کە کریمیا بە رووسیا دەبەسێتەوە، بەندەری ئۆدێسای خاپوور کردووە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا باسی لە پێشڕەوییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ئۆکراینا کرد و رایگەیاند، "هێزەکانمان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانیان؛ کۆی پێشڕەویی هێزەکانمان بە درێژایی دوو کیلۆمەتر بۆ پێشەوە و بە قووڵی زیاتر لە کیلۆمەترێک و نیو بووە".
سوپای رووسیاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر رووخاندنی پردی کریچ لە کریمیا هێرشی کردووەتە سەر بەندەری ئۆدێسا لە باشووری ئۆکراینا و گوتیشی، "هێزە سەربازییەکانی رووسیای فیدراڵ، چەند هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەیان لە دەریاوە کردووەتە سەر ئەو دامەزراوانەی کە لەو ناوچانە بە بەلەمی بچووکی بێ سەرنشینەوە هێرشی تیرۆریستییان کردووەتە سەر رووسیا."
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 17-07-2023، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆدی رۆژئاوای رووسیا رایگەیاند، لەسەر پردی کریچ دۆخێکی "نائاسایی" روویداوە و بەو هۆیەوە بەشێکی پردەکە رووخاوە و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و منداڵێکیش بریندار بووە.
دوای رووداوەکە، بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، وڵاتەکەیان لە پشت هێرشەکەی سەر پردی کریچ بووە و گوتیان، هێرشکردنە سەر پردەکە بۆ رێگەگرتن بووە لە گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەربازانی وڵاتەکەی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە ئۆکراینا.
شەوی رابردوو، میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تویتێکدا لەبارەی رووخاندنی پردی کریچ گوتی، "هەر پێکهاتەیەکی نایاسایی کە بۆ گەیاندنی ئامرازەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ بەکاربهێندرێت، پێویستە تەمەنی کورت بێت."
هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر پردی کریچ چاوەڕوان دەکرێت شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بباتە قۆناخێکی نوێ و هەر دوای هێرشەکەش، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەڵێنی دا کە تۆڵەی رووخاندنی پردی کریچ لە "رژێمی کێیڤ" دەکاتەوە و هێرشەکەی بە "تاوانێکی بێمانا" ناوبرد و گوتی، "بەدڵنیاییەوە رووسیا وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە."