باوکێک لە بەلجیکا منداڵەکەی لەنێو ئۆتۆمبێل لەبیرچوو؛ منداڵەکە لە گەرمادا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەلجیکا دەڵێن، منداڵێکی تەمەن 15 مانگ دوای ئەوەی لە رۆژێکی گەرمی هاویندا لەنێو ئۆتۆمبێلدا بەجێهێڵدرا، گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی داواکاری گشتی لە شاری نامور لە باشووری ئەو وڵاتە رایگەیاند، رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە روویداوە و هەر زوو لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
لە پشکنینی دادپزیشکیدا دەرکەوتووە منداڵەکە بەهۆی پلەی گەرمیی بەرزەوە گیانی لەدەستداوە.
نووسینگەی داواکاری گشتی رایگەیاند، "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە، منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لەبیرکراوە."
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، باوکی منداڵەکە لەکاتی چوونی بۆسەر کار، بیری چووە منداڵەکەی لە دایەنگە دابنێت.
منداڵەکە بۆ چەند کاژێرێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکە لە گەراجی کۆمپانیای پیاوەکە بەجێهێڵدرابوو.
پلەی گەرما لە شاری نامور دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە گەیشتە نزیکەی 25 پلەی سیلیزی.