راوێژکاری ئەڵمانیا داوای ئاگربەست بۆ جەنگی غەززە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و هیوای خواست زوو جەنگی غەززە بوەستێت.
 
رۆژی هەینی 18-07-2025 نووسینگەی مێرتس بڵاویکردەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و مرۆڤانە بگەنە خەڵکی غەززە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "چەکداماڵینی حەماس زۆر پێویستە."
 
بەگوێرەی نووسینگەکەی، راوێژکاری ئەڵمانیا هیوای خۆی بۆ ئاگربەستێکی خێرا لە کەرتی غەززە دەربڕیوە و رایگەیاندووە، پێویستە هەموو بارمتەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
 
راگەیێندراوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە مێرتس "پشتیوانی لە بەڕێوەبردنێکی گونجاوی دوای جەنگ بۆ غەززە کردووە، کە پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و مافی چارەی خۆنووسینی فەڵەستینییەکان لەبەرچاو بگرێت."
 
پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین، مێرتس رووداوەکانی غەززەی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد؛ هەروەها جەختی لە پابەندبوونی ئەڵمانیا بە ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە و گوتی، "ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆئەوەی دادپەروەری بۆ هەردوولا بەدیبهێنین. روونە هەڵوێستمان چییە، بەڵام مەینەتیی دانیشتووانی فەلەستینیش دەبینین و هەوڵ دەدەین هەموو شتێکی گونجاو بکەین، بۆئەوەی لێرەش هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بکەین."
 
زیاتر لە 22 مانگ لە جەنگ دۆخێکی مرۆیی کارەساتباری بۆ دانیشتووانی غەززە دروستکردووە، زۆربەی دانیشتووانەکەی چەند جارێک ئاوارە بوون؛ جەنگەکە بووەتە هۆی کەمیی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە.
 
جەنگەکە بە هێرشی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بووە هۆی کوژرانی 1219 کەس.
 
بەپێی راپۆرتی تەندروستی لە غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 58,667 فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.