ئیتاڵیا تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی هەڵدەوەشێنێتەوە؛ 25 کەس دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئیتاڵیا لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا، دەستیان بەسەر ملیۆنان یۆرۆدا گرت و دەیان کەسیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە باشووری ئیتاڵیا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانیان هەڵوەشاندەوە و 25 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو تۆڕەدا دەستگیر کرد. پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەڵگەیان لەبەردەستە کە ئەو کەسانە بەشدارییان لە بەقاچاخهێنانی نزیکەی 2000 کۆچبەردا کردووە.
 
بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس، پرۆسەی قاچاخچێتییەکە لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2022 ئەنجام دراوە و کۆچبەرەکان لە رێگەی کەشتییەوە گەیێندراونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا. زانیارییە فەرمییەکان ئاشکرایان کردووە کە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتیی وڵاتانی جۆرجیا، ئۆکراینا، تورکیا و مۆڵدۆڤان.
 
بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی وەکو هاووڵاتیی تورکیا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هێشتا روون نییە ئایا هیچ کوردێک لەنێو ئەو دەستگیرکراوانەدا هەیە کە بە "خەڵکی تورکیا" دانراون یان نا.
 
جگە لە دەستگیرکردنی ئەو 25 کەسە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕی سێ ملیۆن و 300 هەزار یۆرۆ پارەی کاشدا گرتووە. هاوکات 43 کەسی دیکەش خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و لەسەر هەمان دۆسێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانیی تۆڕەکە و بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان.