توێژینەوەیەک: دەکرێت زستانی ئەتۆمی زۆربەی سەرچاوەی خۆراکی جیهان لەنێوببات
رووداو دیجیتاڵ
بیهێنە پێش چاوت، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە سەیری دەرەوە بکەی و ببینی ئاسمان رەش بووە، نیوەڕۆ بووەتە شەوەزەنگێکی ئەنگوستە چاو، بەڵام نە مانگ و نە ئەستێرەش دیار نین، دووکەڵ و خۆڵەمێش بوونەتە کفن و هەموو گۆی زەوییان پۆشیوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی پەڵە دووکەڵێکی ئەستوور هەموو بەرگە هەوای تەنیوە و بۆ چەندین ساڵ ناهێڵێت تیشکی خۆر بگاتە سەر زەوی و ئیدی رۆژ دوای رۆژ پلەی گەرما نزم دەبێتەوە. ئەمە ئەو کاتەیە کە زستانی ئەتۆمی بۆ چەندین ساڵ زەوی تووشی سەرمایەکی قڕکەر دەکات و سەرچاوەی خۆراک و رەنگە مرۆڤایەتیش، بە چۆکدا دەهێنێت.
هەڵەیە ئەگەر وا بیربکەینەوە جەنگی ئەتۆمی تەنیا زیان بە گۆڕەپانەکەی دەگەیێنێت، چونکە وێرانییەکەی دەکرێت جەرگی هەموو جیهان ببڕێت.
توێژینەوەیەکی نوێ پێشانمان دەدات کە ئەگەر زستانی ئەتۆمی رووبدات، سەرچاوەی خۆراکمان چۆن لەنێودەچن.
وەک بیردۆز، زستانی ئەتۆمی بریتییە لە دیاردەیەکی کەشوهەوا کە لە دوای جەنگی فراوانی ئەتۆمی روودەدات، ئەوەش لە ئەنجامی تەقینەوەی گەورەی بۆمبە ئەتۆمییەکان کە دووکەڵ و خۆڵەمێش و تەپوتۆزی چڕ بە بەرگەهەوای زەویدا بڵاو دەکەنەوە و گەیشتنی تیشکی خۆر بە رووی زەوی کەمدەبێتەوە و سەرەنجام، رووەک و ئاژەڵەکان، لەنێویاندا ئەوانەی سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤن، لەنێودەچن.
زانایانی زانکۆی ویلایەتی پێسیلڤانیای ئەمریکا توێژینەوەیەکی نوێیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن زستانی ئەتۆمی، چۆن کار دەکاتە سەر بەرهەمی خۆراکی جیهان.
لەبەر ئەوەی زیاتر لە هەر دانەوێڵەیەکی دیکە لە سەرانسەری جیهان دەچێنرێت، توێژەران گەنمەشامییان بە نموونە وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بزانن چ چارەنووسێک چاوەڕێی کشتوکاڵی تەواوی گۆی زەوی دەکات ئەگەر سیناریۆ تۆقێنەرەکە راست هەڵگەڕێت.
یوونینگ شی، زانای رووەکناس و کەشناس لە زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیا دەڵێت: "ئێمە تاقیکردنەوەیەکی گریمانەییمان کرد و بەرهەمهێنانی گەنمەشامیمان لە 38 هەزار و 572 شوێنی جیهان خستە نێو شەش سیناریۆی جەنگی ئەتۆمیی کە تێیدا خۆڵەمێشێکی زۆر بە بڕی 5 ملیۆن بۆ 165 ملیۆن تۆن فڕێدەدرێتە نێو هەواوە."
جێگەی سەرسوڕمان نییە، کە ئەنجامەکەیان باش نەبوو.
تیمە توێژەرەکە بۆی دەرکەوت تەنانەت ئەگەر جەنگێکی سنوورداری ئەتۆمیش رووبدات و لە ئەنجامدا "تەنیا" 5.5 ملیۆن تۆن تەپوتۆز بە ئاسماندا پەرش بکات، ئەوا هێشتاش بەرهەمی گەنمەشامی جیهان بە رێژەی 7٪ کەم دەبێتەوە."
بەڵام ئەگەر جەنگە ئەتۆمییەکە جیهانی بێت و 165 ملیۆن تۆن خۆڵەمێش بڵاوبکاتەوە، ئەوا بەرهەمی گەنمەشامیی جیهان 80٪ کەم دەبێتەوە.
مەترسییەکە هەر ئەوە نییە؛ زۆر گەورەترە. ئەگەر سیناریۆ هەرە خراپەکە رووبدات، چینی ئۆزۆنیش کە رووەک دەپارێزێت، هەڵدەوەرێت.
شی دەڵێت: "تەقینەوە و تۆپەڵە ئاگری تەقینەوەی ئەتۆمی، ئۆکسیدی نایترۆجین لەنێو بەرگەهەوادا دروست دەکەن. هەبوونی ئۆکسیدی نایترۆجین و ئەو گەرمایەی خۆڵەمێشەکە هەڵیدەمژێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی خێرا ئۆزۆن لەنێو ببات، لە ئەنجامی ئەوەشدا، گەیشتنی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بۆ سەر زەوی زیاد دەبێت. ئەمە زیان بە شانەکانی رووەک دەگەیێنێت و بەرهەمی خۆراکی جیهان کەمتر دەکاتەوە."
توێژەران مەزەندە دەکەن کە تیشکە زیانبەخشەکە لە نێوان ساڵی شەشەم و هەشتەمی دوای جەنگی ئەتۆمی، دەگاتە لووتکە و بەرهەمی گەنمە شامی 7٪ی دیکە کەمدەکاتەوە. واتە لەنێوچوونی بەرهەمەکە دەگاتە رێژەی تۆقێنەری 87٪ و قەیرانی خۆراکی جیهانی دروست دەبێت.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزەکە و کۆتاییهاتنی زستانی ئەتۆمی، بەرهەمی جیهانیی گەنمە شامی پێویستی بە 7 تا 12 ساڵ هەیە تاوەکو بتوانێت بکەوێتەوە سەری پێی خۆی. بە گشتی، چاکبوونەوەکە لە نیوەگۆی باشووری زەوی خێراتر دەبێت لە نیوەگۆی باکوور، ئەو ناوچانەشی وەک عێراق و کوردستان لە هێڵی کەمەرەیی نزیکن، بەرهەمەکەیان خێراتر چاک دەبێتەوە بە بەراورد بەوانەی لە جەمسەرەکان نزیکن.
بەڵام هەندێ رێگە هەن کە مرۆڤ دەتوانێت بۆ خێراکردنی چاکبوونەوەکە بیانگرێتەبەر. وەک توێژینەوەکە باسی دەکات، مرۆڤ دەتوانێت پەنا بباتە بەر ئەو جۆرانەی گەنمە شامی کە دەتوانن لە پلەی گەرمای نزمدا گەشە بکەن و خێراتر بێنە بەرهەم، بۆ ئەوەی کورتهێنانی دانەوێڵە بە رێژەی تاوەکو 10٪ کەمبکەنەوە. ئەمە تا رادەیەک یارمەتیی مرۆڤایەتی دەدات، بەڵام بێگومان وەک ئەوە نابێت، کە زستانی ئەتۆمی هێشتا رووینەداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە لە دوای جەنگی ساردەوە هەرگیز مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی هێندەی ئێستا گەورە نەبووە، توێژەران پێشنیاز دەکەن ئامادەکاری بۆ کشتوکاڵێکی "خۆڕاگر" بکەن. ئەمە چۆن؟
ئەمە بە واتەی ئەوە دێت کە لە هەر ناوچەیەک، ئەو جۆرە تۆوە هەڵببژێردرێت و ئامادە بکرێت کە بە باشترین شێوە لە ئەگەری کارەساتێکی لەو جۆرەدا، لەگەڵ سروشتی ئەو ناوچەیە دەگونجێت و دەتوانێت بەرگە بگرێت.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری Environmental Research Letters بڵاو کراوەتەوە.