پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ زیلینسکی، ترەمپ هێرش دەکاتە سەر بایدن: جەنگی ئۆکراینا جەنگی من نییە

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کە چاوی جیهان لەسەر کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی کۆشکی سپییە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو پۆستی جیاوازدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" هێرشێکی تووندی کردە سەر ئیدارەی پێشوو، میدیاکان و رەخنەگرانی، جەختیشیکردەوە کە جەنگی ئۆکراینا "جەنگی جۆ بایدنە" و ئەو تەنیا بۆ راگرتنی هاتووە.
 
ئەم پۆستانە لە کاتێکدا بڵاوکراونەتەوە کە زیلینسکی و شاندێکی باڵای ئەورووپی گەیشتوونەتە واشنتن بۆ تاوتوێکردنی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە، ئەمەش دوای لووتکەکەی هەفتەی رابردووی نێوان ترەمپ و پووتین لە ئەلاسکا دێت کە هیچ رێککەوتنێکی ئاگربەستی لێنەکەوتەوە.
 
"ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هەرگیز رووی نەدەدا"
 
لە پۆستی یەکەمیدا، ترەمپ بە تووڕەییەوە نووسیویەتی: "من لە ماوەی 6 مانگدا 6 شەڕم چارەسەر کردووە، دەکرا یەکێکیان کارەساتێکی ئەتۆمی بێت، بەڵام هێشتا دەبێت گوێ لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ و زۆرێکی دیکە بگرم کە بەڕاستی هیچ نازانن، پێم دەڵێن من بە هەڵە هەموو شتێک لەبارەی کێشەی رووسیا/ئۆکرایناوە دەکەم، کە ئەوە جەنگی جۆ بایدنی خەواڵووە، نەک جەنگی من."
 
ترەمپ لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت: "من تەنیا لێرەم بۆ ئەوەی رایبگرم، نەک بۆ ئەوەی زیاتر بەردەوامی پێبدەم. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هەرگیز رووی نەدەدا. من بە تەواوی دەزانم چی دەکەم و پێویستم بە ئامۆژگاریی ئەو کەسانە نییە کە ساڵانێکە لەسەر هەموو ئەم ململانێیانە کار دەکەن و هەرگیز نەیانتوانیوە هیچ شتێک بکەن بۆ راگرتنیان. ئەوان کەسانی  گەمژەن."
 
هێرشکردنە سەر "میدیای هەواڵی ساختە"
 
ترەمپ بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە هێرشی کردووەتە سەر میدیاکان و دیموکراتەکان و نووسیویەتی: "من بە تەواوی دڵنیام ئەگەر رووسیا دەستەکانی بەرز بکردایەتەوە و بیگوتایە ئێمە خۆمان بەدەستەوە دەدەین، سازش دەکەین، تەسلیم دەبین، ئێمە مۆسکۆ و سانت پیتەرسبێرگ و هەموو شتێکی دەوروبەریان بۆ هەزار میل دەدەینە ئۆکراینا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای مەزن، میدیای هەواڵی ساختە و هاوبەشە دیموکراتەکانیان دەیانگوت ئەمە رۆژێکی خراپ و سووکایەتیپێکەر بوو بۆ دۆناڵد جەی ترەمپ."
 
پشتپەردەی دیپلۆماسی
 
ئەم لێدوانە تووندانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەوپەڕی چڕیدان. پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە واشنتن چاوی بە ژەنەراڵ کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کەوت. زیلینسکی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "تەنیا بەهێز دەتوانرێت رووسیا ناچاری ئاشتی بکرێت و سەرۆک ترەمپ ئەو هێزەی هەیە."
 
جێگای باسە، کیلۆگ بەوە ناسراوە کە سۆزی بۆ ئۆکراینا هەیە و هەر بۆیەش لە لووتکەی ئەلاسکا لەگەڵ پووتین بەشدار نەبوو، لەکاتێکدا ستیڤ ویتکۆف نێردەیەکی دیکەی ترەمپ، رۆڵی سەرەکیی لە گفتوگۆکان لەگەڵ مۆسکۆدا گێڕاوە.
 
کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی کۆشکی سپی بە چارەنووسساز دادەنرێن، چونکە تێیدا باس لە پێشنیازەکانی "گۆڕینەوەی خاک" دەکرێت کە لە لووتکەی ئەلاسکادا خراونەتەڕوو، لە کاتێکدا زیلینسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا دژی هەر سازشێکن کە وەک "پاداشتکردنی رووسیا" سەیر بکرێت.