فڕۆکەوانێکی ئەمریکی بەهۆی مەیخواردنەوە لە کارەکەی دەردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەمریکا فڕۆکەوانێکی کۆمپانیای (ساوسوێست)ی فڕۆکەوانی دەستگیرکرد، کە "بۆنی مەی لێدەهات" کە چەند خولەکێک پێش فڕین لەنێو فڕۆکەکەدا دەستگیرکرا.
 
دەیڤد ئاڵسۆپی تەمەن 52 ساڵ، لە مانگی یەکی رابردوودا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ساڤانا/هیلتن هێد لە ویلایەتی جۆرجیا بەهۆی سەرخۆشی دەستگیرکرا.
 
بڕیاربوو ئاڵسۆپ کاپتنی گەشتی ژمارە 3772 بێت بۆ شیکاگۆ، بەڵام لەنێو فڕۆکەکەدا دەستگیرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەفسەرانی ئاسایشی گواستنەوە (TSA) گومانیان لێکرد کە سەرخۆش بێت.
 
ئاڵسۆپ بە ئەفسەرانی گوتووە کە شەوی پێشتر "نزیکەی سێ بیرە"ی خواردووەتەوە، "لانیکەم 10 کاژێر پێش گەشتەکە."
 
سەرەتا رەتیکردەوە پشکنینی مەی بکات و گوتی "پێویست نییە،" بەڵام دواجار رازی بوو و لە سێ پشکنینەکەدا لە دووانیان دەرنەچوو. هەروەها رەتیکردەوە پشکنینی خوێن بکات بۆ دیاریکردنی رێژەی کحول لە خوێنیدا.
 
پۆلیس بە کەلەپچەکراوی لە فڕۆکەخانەکە بردییە دەرەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.
 
کۆمپانیای ساوسوێست، ئاڵسۆپی لە کارەکەی دەرکرد و ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) مۆڵەتی فڕۆکەوانییەکەی لێسەندەوە. ئێستاش تۆمەتەکانی چاوەڕێی بڕیاری دادگان.