راپۆرتێک؛ ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکا تایبەت بە کاروباری سووریا لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا، گۆڕانکارییەکی لەناکاو لەنێو ستافی دیپلۆماسیی ئەمریکا تایبەت بە کاروباری سووریا روویدا و ئەویش لابردنی ژمارەیەک لە باڵاترین دیپلۆماتکارانی ئەمریکا بوو کە لە دۆسیەی سووریا کار دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە واشنتن لە هەوڵدایە بۆ نزیککردنەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی باڵا لەسەر دۆسیەی سووریا ناسراو بە پلاتفۆرمی هەرێمیی سووریا (SRP) کاریان کردووە. کاری ئەوان نوێنەرایەتیی ئەمریکایە بۆ سووریا و لە ئیستەنبووڵەوە کار دەکەن، لەناکاو و لەچەند رۆژی رابردوودا لە پۆستەکانیان لابراون.
ئەو دیپلۆماتکارانە راپۆرت و زانیارییان بۆ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ئامادە کردووە.
تۆم باراک، راوێژکار و هاوڕێیەکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، لەمانگی ئایارەوە دەستبەکار بووە و رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە. ئێستا ئیدارەی ترەمپ پشتگیری لە یەکگرتوویی سووریا دەکات لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
باراک بەردەوام هەوڵیداوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هانبدات هەنگاوی خێراتر بنێن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی مانگی ئازار لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا.
ئامانج لەو رێککەوتنە، تێکەڵکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و هێزەکانی سەر بە هەسەدە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دیمەشقەوە.
ئەم هەوڵانەی باراک بە ئاماژەیەک بۆ پەیڕەوکردنی ستراتیژییەکی نوێی ئەمریکا دەبینرێت کە هەوڵدەدات قەیرانی سووریا لە رێگەی رێککەوتنی نوێی سیاسیی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشق چارەسەر بکات.
سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی هەسەدە دوودڵن لە یەکخستنی تەواوەتی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە دیمەشق، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی تووندوتیژی لە چەند ناوچەیەکی سووریا.
دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، لابردنی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا بەشێکی بەهۆی "جیاوازییە" لە بۆچوونەکاندا بووە لە نێوان ئەو دیپۆلۆماتکارانە و تۆم باراک لەسەر پرسی چارەنووسی هەسەدە و شەرع؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات رەنگە جیاوازیی قووڵ لە نێوخۆی دامودەزگاکانی ئەمریکادا هەبێت سەبارەت بەو گۆڕانکارییە ستراتیژییەی ئیدارەی ترەمپ لە سووریا.
ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، تۆم باراک سەردانی دیمەشقی کرد. لەوێ، سەرپەرشتی واژۆکردنی پلانێکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا و دروزەکان لە باشووری ئەو وڵاتە.
نوێنەری ئەمریکا بۆ دیمەشق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو پلانە نوێیە پشتگیریکردنی مافی یەکسان و پابەندبوون بە کاری هاوبەشە بۆ هەمووان.
باراک بە گەشتێکی راستەوخۆ سەردانی دیمەشقی کردبوو، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئاراستەی نوێی سیاسەتی واشتن بەرامبەر سووریا و هەوڵدان بۆ دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.