ترەمپ و ستامەر رێککەوتنی تەکنەلۆژییان واژۆکرد
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، رێککەوتنێکی (هاوبەشیی تەکنەلۆژیی) لەگەڵ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتە ئەورووپییەکە واژۆکرد. رێککەوتنەکە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوانیانە لە ژیریی دەستکرد، وزەی ئەتۆم و کۆمپیوتەری کوانتەم.
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025، ستامەر لە (چێکەرز)، هاوینەهەوارەکەی خۆی گوتی: "ئەمە گەورەترین پاکێجی وەبەرهێنانە لە مێژووی بەریتانیا."
ستامەر رێککەوتنەکەی بە "وەرچەرخان" وەسفکرد. رێککەوتنەکە ناوی (رێککەوتنی گەشانەوەی تەکنەلۆژی)ـیە و ترەمپ گوتی: "ئەم رێککەوتنە یارمەتیی ئەمریکا و بەریتانیای هاوپەیمانمان دەدات دەست بەسەر داهاتووی ژیریی دەستکرددا بگرن."
ترەمپ پەیوەندییەکەی واشنتن و لەندەنی بە "بۆندێکی نەشکێنراو" چوواند. ستامەر گوتی، ئەو و ترەمپ، ئەو جۆرە سەرکردانەن کە "کەیفمان بەیەکدی دێت."
لەگەڵ ترەمپ خاوەن و بەڕێوەبەری چەندین گەورە کۆمپانیای تەکنەلۆژیا گەشتیان کرد، پێکەوە بەڵێنی وەبەرهێنان و پڕۆژەی گەورەیان بە بڕی 205 ملیار دۆلار کرد، لە چەند ساڵی داهاتوودا. کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت، گووگڵ و بلاکستۆن لەنێو رێککەوتنەکە هەن.
بلاکستۆن گوتی، کۆمپانیاکەیان چەندین پڕۆژە لە بەریتانیا بەبڕی 121 ملیار دۆلار دەکەن و 10 ساڵ دەخایەنن.
مایکرۆسۆفت، وەبەرهێنانێکی چوار ساڵە بەبڕی 30 ملیار دۆلار دەکات.
گووگڵ، وەبەرهێنانێکی 5 ملیار دۆلاری بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو دەکات. گووگڵ رایگەیاند، پڕۆژەکان 8 هەزار 250 هەلی کار دابین دەکات.
لە بەرامبەردا، گرووپی دەرمانسازیی (GSK) رایگەیاند، چەند وەبەرهێنانێکی 30 ملیار دۆلاری لە ئەمریکا دەکەن و پێنج ساڵیان پێدەچێت.
ئەمە دووەم رۆژی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا و هاوژینەکەیەتی بۆ بەریتانیا. لە رۆژی یەکەمدا، شا چارلز و شاژنی بەریتانیا لە قەڵای ویندسۆر پێشوازییەکی شاهانەیان لە ترەمپ کرد.
ئەمڕۆ ترەمپ بە فڕۆکە خۆی گەیاندە چێکەرز و جگە لە واژۆکردنی رێککەوتنە زەبەلاحەکە، باسی جەنگی ئۆکراینا و غەززەشیان کرد.
لەبارەی جەنگی ئۆکراینا، ستامەر گوتی، ئەو خۆی وەک پردێکی پەیوەندی لەنێوان ترەمپ و لایەنەکانی دیکەی ئەورووپا دەبینێت.
لەسەر غەززە جیاوازی هەیە، ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە. لەلایەکی دیکە، بەگوێرەی چەند راپۆرتێک، بەریتانیا خۆی بۆ "داننان بە دەوڵەتی فەلەستین" ئامادە دەکات، هەنگاوێک کە ئەمریکا دژیەتی.