سیناتۆرێکی ئەمریکی وەڵامی لێکۆڵینڤانێکی کورد دەداتەوە: پێویستە شەرع کۆتایی بە تووندوتیژی لە سووریا بهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

تیم کەین، سیناتۆری دیموکراتی ئەمریکا و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، لە وەڵامی نامەیەکی ئازاد دێوانی، لێکۆڵینڤانی کوردی بواری ئاشتی، نیگەرانیی خۆی لەبارەی تووندوتیژییە تائیفییەکانی ئەم دواییەی سووریا دەربڕی و داوای لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە کرد، هەڵوێستێکی تووندتر دژی ئەو کردەوانە پیشانبدات و بناخەیەک بۆ داهاتوویەکی دیموکراسی دابنێت.
 
ئازاد دێوانی، لێکۆڵینڤانێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە نامەیەکدا بۆ سیناتۆر کەین هۆشداریداوە لەبارەی ئەو دۆخەی لە سووریادا هەیە.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە کوردە لەبارەی هۆکاری ناردنی نامەکەی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، نیگەرانە لەوەی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی سووریای گرتووەتە دەست و گوتی: "سەرکەوتنی جۆلانی [ئەحمەد شەرع] لە بواری دیپلۆماسی، کێشە بۆ سەقامگیری دروست دەکات."
 
تیم کەین ئاماژەی بە قەیرانی مرۆیی لە پارێزگای سوەیدا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی دروزەکان کردووە و دەڵێت، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، سووریا گواستنەوەیەکی سیاسیی ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە.
 
کەین باسی لە تووندوتیژییەکانی مانگی تەممووزی 2025 لە سوەیدا کردووە کە لەنێوان چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکانی نزیک لە حکومەت و کۆمەڵگەی دروز روویاندا و نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە؛ هەروەها باسی لە رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریاش کردووە. 
 
سیناتۆرە دیموکراتەکە داوای کرد هەر هەوڵێک بۆ هەڵگرتنی سزا لەسەر بەرپرسانی سووریا بە مەرجی تووندی حکومەتی ئەمریکاوە ببەسترێتەوە، لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتەکەی شەرع بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بەرەو داهاتوویەکی دیموکراسی.
 
تیم کەین بەڵێنیدا وەک ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دیموکراتخوازێکی سەرەکی لە لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت لە "چاودێریکردنی وردی دۆخەکە، گوشارکردن بۆ لێپرسینەوە و داکۆکیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری سووریادا."