ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای بڵاوکردنەوەی فایلەکانی ئێپستینی پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە وەزارەتی داد پابەند دەکات هەموو فایلەکانی پەیوەست بە جێفری ئێپستین، بازرگان و تاوانباری سێکس بڵاوبکاتەوە.
رۆژی سێشەممە 18-11-2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 427 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە یەک دەنگی نەخێر، پرۆژەیاسای پابەندکردنی وەزارەتی دادی بە بڵاوکردنەوەی فایلەکانی لێکۆڵینەوەی ئێپستینی پەسند کرد.
دەنگدانەکە دوای مانگێک لە ململانێی تووندی نێوخۆی کۆمارییەکان و هەڵوێستی ترەمپ دێت، کە پێشتر پرۆژەکەی بە "فێڵێکی دیموکراتەکان" ناوبردبوو.
ترەمپ: "هیچ پەیوەندییەکم بە ئێپستینەوە نییە"
ترەمپ رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیچ پەیوەندییەکم بە جێفری ئێپستینەوە نییە. ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر لە یانەکەم دەرمکرد، چونکە پێموابوو کەسێکی نەخۆش و لادەرە."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فایلەکان پەیوەندیی دیموکراتە دەسەڵاتدارەکان بە ئێپستینەوە ئاشکرا دەکەن، بەڵام خۆیشی رووبەڕووی لێپرسینەوەیەکی ورد بووەتەوە لەسەر دۆستایەتیی چەند ساڵەی لەگەڵ ئەو پیاوەی کە تۆمەتبارە بە ئامادەکردنی کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ پیاوانی دەوڵەمەند.
ئەگەر پرۆژەیاساکە ببێتە یاسا چی روودەدات؟
پرۆژەیاساکە وەزارەتی داد پابەند دەکات هەموو ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستیدایە بڵاوبکاتەوە، بەڵام دەتوانێ هەر زانیارییەک رابگرێ ئەگەر بڵاوکردنەوەی "مەترسی بخاتە سەر لێکۆڵینەوەیەکی چالاکی فیدراڵی."
ترەمپ هەفتەی رابردوو لە دەستوەردانێکدا کە رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، فەرمانی بە بەرپرسان کرد لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی ئێپستین لەگەڵ دیموکراتە دیارەکاندا بکەن.
بۆچی هەڵوێستی ترەمپ گۆڕا؟
گۆڕانی لەناکاو لە هەڵوێستی ترەمپ دوای ئەوە هات کە هەموو دیموکراتەکان و چوار کۆماری پرۆژەیەکیان واژۆکرد کە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە پڕۆژەکە بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران. یەکێک لەوانەی بە تووندی پاڵپشتیی دەکرد مارجری تایلەر گرین بوو کە ترەمپ بەهۆی ئەمەوە پشتیوانیی لێ کشاندەوە.
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "پێویستە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی ئێپستین بدەن، چونکە هیچ شتێکمان نییە بیشارینەوە."
سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 79 ساڵانەکە، دیموکراتەکانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی "درۆکانی ئێپستین" بڵاودەکەنەوە، ئەمەش دوای دەرکەوتنی چەند ئیمەیڵێک کە تێیدا ئێپستین ناوی ترەمپی هێنابوو.
ئێستا پرۆژەیاساکە دەچێتە ئەنجوومەنی پیران کە لەوێ کۆمارییەکان دەبێت بڕیار بدەن ئایا دەینێرن بۆ سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ یان نا.
ئێپستین تاوانبار بوو بە بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ مەبەستی سێکس؛ لە ساڵی 2019 بە مردوویی لە زینداندا دۆزرایەوە.