نەتەوە یەکگرتووەکان: 318 ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتیی تووند دەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، کەمکردنەوەی پارەی تەرخانکراو لەلایەن کۆمەکبەخشەکانەوە بە واتای ئەوەیە، هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خۆراکی یەک لەسەر سێی ئەو 318 ملیۆن کەسەی لە ساڵی 2026دا رووبەڕووی برسێتی تووند دەبنەوە، زۆر قورس دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، "کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی جیهانی وای لە پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی کردووە کە خۆراک تەنیا بۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، واتە 110 ملیۆن لەوانەی زۆر پێویستییان پێیە، بکاتە کاری لەپێشینە."
 
رێکخراوەکە دەڵێ، یارمەتیدانی ئەو 110 ملیۆن کەسە لە جیهان پێویستی بە 13 ملیار دۆلارە.
 
ئەمریکا گەورەترین بەخشەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانییە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا یارمەتییەکانی بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمکردووەتەوە. بەخشەرە گەورەکانی دیکەش، لەنێویاندا ئەورووپا، بودجەی مرۆیی خۆیان کەمکردووەتەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، ئەو 318 ملیۆن کەسەی ئێستا رووبەڕووی برسێتی تووند بوونەتەوە، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە لە 2019 تۆمارکرابوون؛ هۆکارەکەیشی بۆ جەنگ و ململانێ، گۆڕانی کەشوهەوا و ناسەقامگیری ئابووری دەگەڕێتەوە. 
 
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ساڵ لە غەززە و بەشێک لە سوودان قاتوقوڕییان راگەیاند. سندی مککەین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی ئەوە بە "بەتەواو قبووڵنەکراو لە سەتەی 21" ناودەبات. 
 
لە پێشەکی راپۆرتی "روانگەی جیهانی 2026"ی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیدا، مککەین نووسیویەتی، هەوڵەکانی جیهان بۆ کەمکردنەوەی برسێتی، "هێشتا خاو، پەرتەوازە و کەمبودجەن."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، "یارمەتییە جیهانییەکان ئێستا کەمتر لە نیوەی کۆی پێداویستییەکان پێکدەهێنن، لەوانەش ئەو یارمەتییانەی تایبەتن بە دابینکردنی خۆراک. نزیکەی هەموو دەزگەکان ناچار بوون بڕی خۆراک و یارمەتییەکان کەمبکەنەوە و پێشینە بدەن ئەوانەی زۆر پێویستییان پێیەتی."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات کە 41 ملیۆن کەس لەوانەی لە ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە، برسێتییەکەیان بگاتە ئاستێک کە بە "باری نائاسایی یان بە خراپتر" پۆلێن بکرێت. 
 
هەفتەی رابردوو، هەردوو ئاژانسی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان و پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) هۆشدارییان لەبارەی 16 ناوچەی جیهان دا کە زۆر پێویستییان بە یارمەتی مرۆییە و رایانگەیاند، برسێتی لە "لە سەرانسەری جیهان، لە هایتییەوە تاوەکو باشووری سوودان" بەهۆی کەمی بودجەوە خراپتر بووە. 
 
لە راپۆرتێکی هاوبەشدا، ئاژانسەکان رایانگەیاند، تا ئێستا تەنیا 10.5 ملیار دۆلاریان لە کۆی 29 ملیار دۆلاری پێویست بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی لە مەترسیدان، وەرگرتووە.