ترەمپ: ئەمریکا بووەتە جێگەی ئیرەیی هەموو جیهان

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی، نەخشەڕێگەی ساڵی 2026ـی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد. ترەمپ رایگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا توانیویەتی ئەمریکا لە "قەیرانێکی کوشندە" رزگار بکات و وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە سەر رێچکەی هێز و شکۆ، بە جۆرێک کە ئێستا "رێز لە ئەمریکا دەگیرێتەوە وەک ئەوەی پێشتر هەرگیز نەبینراوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای قسەکانی دا هێرشی تووندی کردە سەر ئیدارەی جۆ بایدن و رایگەیاند، لە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، "میراتێکی پڕ لە کێشە و پشێویی" بۆ بەجێمابوو. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هەڵاوسان لەو سەردەمەدا خراپترین بووە لە مێژووی وڵاتەکەدا، ئەمەش ژیانی بۆ ملیۆنان ئەمریکی ئەستەم کردبوو، بەڵام ئێستا ئەو دۆخەی "چاککردووەتەوە."
 
کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی سەر سنوورەکان
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گوتارەکەی ترەمپ پرسی کۆچبەری بوو؛ ترەمپ سنووری باشووری وڵاتەکەی بە "خراپترین سنوور لە جیهان" وەسفکرد لە کاتی دەستبەکاربوونی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئێستا بەهێزترین سنوورە لە مێژووی ئەمریکادا. ترەمپ گوتی: "لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، رێگە نەدراوە یەک کۆچبەری نایاسایی بێتە ناو وڵاتەکەمانەوە، ئەمەش کارێکە هەمووان دەیانگوت مەحاڵە."
 
ترەمپ رەخنەی لە جۆ بایدن گرت کە داوای یاسای لە کۆنگرێس دەکرد بۆ داخستنی سنوور، لەو بارەیەوە گوتی: "دەرکەوت پێویستمان بە یاسا نییە، تەنیا پێویستمان بە سەرۆکێکی نوێ بوو." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئیدارەکەی، لەوەتەی ترەمپ دەستبەکاربووە زیاتر لە 605 هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتکراونەتەوە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە پێشتر سوپایەک لە 25 ملیۆن کەس کە لە زیندان و شێتخانەکانەوە هاتبوون، خەریکی داگیرکردنی ئەمریکا بوون، بەڵام ئێستا پڕۆسەی "کۆچی پێچەوانە" دەستیپێکردووە و کۆچبەران دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
 
شۆڕشی ئابووری و پێناسی گومرگی
 
لە کەرتی ئابووریدا، ترەمپ رایگەیاند، توانیویەتی 18 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی پێوانەیی بۆ ناوخۆی وڵات مسۆگەر بکات. ئەو کلیلی ئەم سەرکەوتنەی بۆ وشەی دڵخوازی خۆی کە "پێناسی گومرگی"یـە گەڕاندەوە. ترەمپ روونیکردەوە بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، کۆمپانیاکان ناچار بوون کارگەکانیان لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و ئۆتۆمبێلدا بگوازنەوە بۆ ناو ئەمریکا.
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە لەوکاتەوەی دەستبەکاربووە، "100٪ـی هەموو هەلی کارە نوێیەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانە بووە کە لە ئەمریکا لەدایکبوون." هەروەها گوتی، ئابووریی وڵاتەکەی بەرەو گەشەیەکی بێوێنە دەچێت کە جیهان هاوشێوەی نەبینیوە.
 
کەمکردنەوەی باج و پاداشتی جەنگاوەر
 
دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی گەورەترین پڕۆژەی کەمکردنەوەی باجی خستەڕوو کە تێیدا 12 پڕۆژەیاسای جیاواز کۆکراونەتەوە. سەرۆکە کۆمارییەکە رایگەیاند، باج لەسەر بەخشیشی کارکردنی کاتی زیاد و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ بەساڵاچووان نامێنێت. ترەمپ پێشبینی کرد ئەمە ساڵانە 11 بۆ 20 هەزار دۆلار بۆ هەر خێزانێک پاشەکەوت بکات و بەهاری داهاتووش ببێتە گەورەترین وەرزی گەڕانەوەی باج لە مێژوودا.
 
وەک رێزێک بۆ سوپا، ترەمپ پاداشتێکی بەناوی "پاداشتی جەنگاوەر" راگەیاند، کە تێیدا یەک ملیۆن و 450 هەزار سەرباز بڕی 1776 دۆلاریان وەک دیاریی کریسمس پێدەدرێت، کە ئاماژەیە بۆ ساڵی دامەزراندنی ئەمریکا.
 
تەندروستی، وزە و نیشتەجێبوون
 
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر کۆمپانیاکانی دڵنیایی تەندروستی و بەڵێنی دا تێچووی دەرمان بە رێژەی 400٪ بۆ 600٪ دابەزێنێت. راشیگەیاند کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی (TrumpRX.gov)ـەوە لە مانگی کانوونی دووەمەوە هاووڵاتیان دەتوانن دەرمان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر دەستبخەن.
 
لە کەرتی وزەشدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی بەنزین لە زۆربەی شوێنەکان بۆ خوار 2.50 دۆلار دابەزیوە و لە هەندێک ویلایەتیش گەیشتووەتە 1.99 دۆلار. هەروەها بەڵێنی دا لە ماوەی ساڵێکدا 1600 وێستگەی نوێی کارەبا بکاتەوە بۆ ئەوەی تێچووی کارەبای خێزانەکان دابەزێت.
 
ئاشتیی جیهانی و شکۆی ئەمریکا
 
لە بارەی سیاسەتی دەرەوە، ترەمپ شانازی بەوەوە کرد کە توانیویەتی لە ماوەی تەنیا 10 مانگدا کۆتایی بە هەشت جەنگ بهێنێت. جەختی کردەوە کە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی تارانی تێکشکاندووە و کۆتایی بە جەنگی غەززەش هێناوە، بەوەش "بۆ یەکەمجار لە دوای سێ هەزار ساڵ، ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە."
 
ترەمپ گوتارەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ لە شکۆ دەبێت، چونکە وڵاتەکەی میوانداریی جامی جیهانی و ئۆڵۆمپیاد دەکات و یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا دەکرێتەوە. ئەو گوتی: "کاتێک جیهان ساڵی داهاتوو سەیری ئێمە دەکات، نەتەوەیەک دەبینن کە بۆ هاووڵاتییانی دڵسۆزە و جێگەی ئیرەیی هەموو جیهانە."