لەدوای هێرشەکەی سیدنی، ئوسترالیا رێکاری نوێ دژ بە کرداری تووندوتیژی و رەگەزپەرستانە دەگرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا یاساکانی گوتاری تووند و بڵاوکردنەوەی رقوکینە بە شێوەیەکی بەرچاو تووندتر دەکات و ڤیزای ئەو کەسانەش هەڵدەوەشێنێتەوە کە رق و دووبەرەکی بڵاودەکەنەوە، ئەم رێکارانەش لەدوای هێرشەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی شاری سیدنی دێت کە 15 کەسی تێدا کوژرا.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رۆژی پێنجشەممە، وردەکاریی رێکارە نوێیەکانی ئاشکرا کرد، ئەمەش لە پاش چەند رۆژێک لە گوشاری کۆمەڵگەی ئوسترالیا و توڕەبوونیان، بۆ بنبڕکردنی گوتار و کرداری رقوکینەی دژی جووەکان.
دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە شاری کانبێرای پایتەخت، ئەلبانیزی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "حکومەت پلانێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردارەکانی دژە جوو پەسند دەکات و پشتگیریی تەواوی دەکات."
ئەلبانیزی گوتیشی: "گۆڕانکارییەکان بریتین لە تاوانی گوتاری رقوکینە بۆ گوتاربێژان و کەسایەتییەکان کە هانی تووندوتیژی دەدەن و سزادانی زیاتر بۆ گوتاری رقوکینە و ئەو گوتارانەش دەبنە هۆکاری زیاتر بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی."
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد، سیستمێکی نوێش جێگیر دەکەن بۆ دانانی لیستێکی تایبەت بەو رێکخراوانەی سەرکردەکانیان گوتاری رقوکینە و تووندوتیژیی رەگەزی بڵاودەکەنەوە.
ئەلبانیزی دانیشی بەوەدا ناوە کە لەدوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە، کردار و تاوانەکان لەدژی جووەکان لە ئوسترالیا زیادیکردووە.
ئەو لەوبارەیەوە گوتی: "ئەمە هێرشێک بوو بۆ سەر کۆمەڵگەی جووەکان، بەڵام هێرش بوو بۆ سەر شێوازی ژیانی ئوسترالییەکان. ئوسترالییەکان تووشی شۆک و تووڕەیی بوون. من تووڕەم. پێویستە کاری زیاتر بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کارەساتە نەگریسانە."
سەرنجی ئەلبانیزی لەسەر تووندکردنی یاساکانی هەڵگرتن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو چەکدارەی کە لە هێرشەکەی کەناری بۆندای لە شاری سیدنی رزگاری بوو، رۆژی چوارشەممە بە 59 تاوان تۆمەتبار کرا کە 15 تۆمەتی کوشتنیان تێدایە.
دوو چەکدار کە باوک و کوڕ بوون رۆژی یەکشەممە 15 کەسیان کوشت، ئەمەش لە ئەنجامی دەستڕێژیدا بۆ سەر ئاهەنگگێڕانی جووەکان بە کۆمەڵ کە سەرقاڵی ئاهەنگی هانوکا بوون و نزیکەی 40 کەسی دیکەش برینداربوون کە 20ـیان هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن.
کریسی بارێت، بەرپرسی پۆلیسی فیدراڵیی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، نەڤید ئەکرەم تەمەن 24 ساڵ کە یەکێک بوو لە هێرشکارەکان، ئەگەر دادگە بە تاوانباری لەقەڵەم بدات، رووبەڕووی سزای زیندانیی هەتاهەتایی دەبێتەوە.
بارێت گوتی: "لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە" و پەیامی دڵنیاییشی بۆ کۆمەڵگەی جووەکان لە ئوسترالیا نارد و گوتی: "هیچ هەڕەشەیەکتان لەسەر نییە."
ئەو گوتی: "قورسە هەست بە خەمباری نەکەیت. ئەمە وەبیرهێنانەوەیەکە لەو کارە دڕندانە و قێزەونانەی دژی کۆمەڵگەی جووەکان کراوە. وەک بەرپرسی پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا بە جووەکانی ئوسترالیا دەڵێم، ئێوە تەنیا نین و نابێت بەتەنیا بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکاندا بکەن."
ئەکرەم رۆژی چوارشەممە لە نەخۆشخانەیەکی سیدنی بۆ یەکەمجار بەئاگا هاتەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لەکاتی هێرشەکەدا، پۆلیس تەقەی لە خۆی و باوکی کرد. باوکی ئەو هێرشکارە ناوی ساجد ئەکرەم بوو کە تەمەنی 50 ساڵ بوو، هەر لە شوێنی رووداوەکە دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا.
پۆلیس دەڵێت، تۆمەتەکان بریتین لە تۆمەتی کوشتن بۆ هەر کوشتنێک و یەک تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی. هەروەها ئۆتۆمبێلەکەی ئەکرەم کە لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە، بۆمبی چێندراوی تێدابوو.