رووسیا: ئۆکراینا زیاتر لە 76 هەزار 'سەرباز و بەکرێگیراوی' لە کورسک لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسک زیاتر لە 76 هەزار چەکداریان لەدەستداوە، کە بەشێکیان راهێنراوترین سەرباز و "بەکرێگیراوی بیانی" بوون.

گێراسیمۆڤ رایگەیاند: "هێزەکانی رژێمی کێیڤ و یەکە سەربازییەکان لە کەرتی کورسک، زیاتر لە 76 هەزار کەسیان لە راهێنراوترین و بەهێزترین سەربازە ئۆکراینییەکان و بەکرێگیراوە بیانییەکان لەدەستداوە. هەروەها زیاتر لە 7 هەزار و 700 پارچە چەک و کەرەستەی سەربازییان تێکشکێندراون".
 
نێوەڕاستی 2025 ئۆکراینا رایگەیاندبوو کە 15 هەزار سەربازی رووسیایان لەو هەرێمەی رۆژئاوای رووسیا کوشتووە. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئامارەکانی هیچ یەک لەو وڵاتانە پشتڕاست بکاتەوە، لەبەر ئەوەی وەک پرۆتۆکۆلێکی سەربازی، رووسیا و ئۆکراینا ئاماری زیانەکانی خۆیان بڵاو ناکەنەوە. 
 
گێراسیمۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسک "شکستی هێناوە". بە گوتەی ئەو، سەرکردایەتیی کێیڤ هەوڵیدا دەست بۆ "سەرکێشییەک" ببات بۆ ئەوەی سەرنجی هێزەکانی رووسیا لەسەر بەرەی دۆنباس لاببات.
 
گێراسیمۆڤ گوتی: "لەرۆژی 26ـی نیسان رزگارکردنی هەرێمی کورسک لە گرووپە چەکدارەکانی سوپای ئۆکراینا تەواو بوو. پلانە سەرکێشییەکەی سەرکردایەتیی کێیڤ لەم ئاراستەیەدا شکستی هێنا، بەو پێیەی ئەوان گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد ئێمە ناچار دەبین هێرشەکانمان لە دۆنباس رابگرین و بەشێک لە هێزە جەنگاوەرەکانمان بۆ کورسک بگوازینەوە، بەڵام ئەوە رووینەدا".
 
لەبارەی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی هێزەکانی ئۆکراینا، گێراسیمۆڤ روونیکردەوە: "ناوچەی دزەکردنەکە گەمارۆ درا، هاوکات هێرشی خێرای هێزە ئاسمانییەکان و پیادەی دەریایی دەستیپێکرد. هەروەها مانۆڕێکی چاوەڕواننەکراوی دوژمن بە دەرچوون بۆ پشتەوەی هێزەکانی ئۆکراینا لە رێگەی بۆریی غازەوە، بووە هۆی داڕمانی هێڵەکانی بەرگریی دوژمن".
 
سوپاسالاری رووسیا ستایشی رۆڵی سەربازانی کۆریای باکووری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد و گوتی: "بەجیا ئاماژە بە بەشداریی سەربازانی کۆریای باکوور لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەکەم. سەربازان و ئەفسەرانی سوپای کۆریای باکوور لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە جەنگییەکان شانبەشانی سەربازانی رووسیا و لەکاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئۆکراینا، کارامەیی، خۆڕاگری، ئازایەتی و قارەمانیێتییان نواند. هەروەها بەشدارییان لە پووچەڵکردنەوەی مینەکانی خاکی هەرێمی کورسک کرد".
 
ئۆکراینا لە 6ی ئابی 2024 هێرشە کتوپڕەکەی بۆ نێو هەرێمی کورسک دەستپێکرد و چەندین شارۆچکە و گوندی کۆنترۆڵ کردن. هێزەکانی رووسیا لە نێوەڕاستی 2025 رایانگەیاند، زۆربەی کورسکیان کۆنترۆڵک کردووەتەوە.