ئەمریکا سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا سەپاند، دوای ئەوەی داوایەکی ئیسرائیلیان بۆ وەستاندنی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە رەتکردەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە پێشتریش فەرمانی کردبوو سزا بەسەر دادوەر و داواکارانی گشتیی دۆسیەکەدا بسەپێنرێن، رێکارە نوێیەکانی راستەوخۆ بەستەوە بە دەنگدانەکەی رۆژی دووشەممەوە، کە تێیدا ئەو دوو دادوەرە لایەنگریی زۆرینەیان کرد و پشتگیرییان لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی کرد.
روبیۆ گوتی: "قبووڵی ناکەین دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەسەڵاتەکانی خراپ بەکاربهێنێت، کە سەروەریی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشێل دەکات و بە شێوەیەکی نایاسایی هاووڵاتییانی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی دادگەکەوە."
هەروەها گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوە بە لێکەوتەی سەخت و بەرجەستە بەرامبەر بەکارهێنانی هێزی یاسایی و زیادەڕۆییەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان."
بەمەش ژمارەی ئەو دادوەرانەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەردا سەپاندوون، بەرز دەبێتەوە بۆ لانیکەم هەشت دادوەر، لەگەڵ لانیکەم سێ داواکاری گشتی، کە کەریم خان، سەرۆکی داواکارانی گشتی یەکێکە لێیان.
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پێشوازی لە "هەنگاوە بەهێزەکە"ی ئەمریکا لە دژی دادگەکە کرد و رایگەیاند، ئیسرائیل "پابەندبوونی ئەمریکا بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای بەکارهێنانی یاسا وەک چەک بەرز دەنرخێنێت."
رەتکردنەوەی تووند
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان کە بارەگاکەی لە لاهای هۆڵەندایە، رایگەیاند کە "بە تووندی" سزا نوێیەکان رەتدەکاتەوە.
هەروەها رایگەیاند، سزاکان "هێرشێکی ئاشکران بۆ سەر سەربەخۆیی دامەزراوەیەکی دادوەریی بێلایەن".
جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "سوپاس بۆ وەزیر روبیۆ بۆ ئەم هەڵوێستە ئەخلاقییە روونە."
ئەو دوو دادوەرەی سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە گۆچا لۆردکیپانیدزێ، وەزیری پێشووی دادی جۆرجیا و ئیردینیبالسورین دامدین، کە خەڵکی مەنگۆلیایە.
سزاکان رێگری لە گەشتکردنی ئەو دوو دادوەرە بۆ ئەمریکا دەکەن و هەر مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیاندا قەدەخە دەکەن.
لۆردکیپانیدزێ پێشتر وەک مامۆستا لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرک کاری کردووە.
بڕیارەکەی رۆژی دووشەممەی دادگەکە، کە لە 44 لاپەڕە پێکهاتبوو، پشتگیریی لە بڕیاری لێکۆڵینەوە لەو تاوانە جەنگییانە کرد کە دەگوترێت ئیسرائیل لە غەززە کردوونی.
نەتەنیاهوو و گالانت رووبەڕووی تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بوونەتەوە.
ئەم سزایانە ئەمریکا دەخەنە ریزی رووسیاوە، کە هەفتەی رابردوو بێ ئامادەبوونیان، بڕیاری لەدژی دادوەرانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگەکەدا دەرکرد.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەرکردووە، لەسەر دۆسیەی بەزۆر گواستنەوەی منداڵان لەو ناوچە ئۆکراینیانەی کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراون.
ئەمریکا، ئیسرائیل و رووسیا لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە ئەندامی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان نین، کە دادگەکە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە دیموکراسییەکانی رۆژئاواوە پشتیوانیی لێدەکرێت.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە ساڵی 2002 دامەزرا.
لە ماوەی یەکەم خوولی ترەمپدا، ئەمریکا رێکاری دژی سەرۆکی پێشووی داواکارانی گشتیی دادگەکە گرتەبەر، لە هەوڵێکی سەرکەوتوودا بۆ رێگریکردن لە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئەفغانستاندا کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکرد.
ئیدارەی جۆ بایدن سزاکانی هەڵگرت و هەوڵی بۆ هاوئاهەنگییەکەی سنووردار لەگەڵ دادگەکە دا، بەتایبەتی لەبارەی ئۆکرایناوە.