نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: هیوادارین لە کەرکووک رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە رێگریکردن لە هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، هانی گشتگیری دەدەن لەلایەن تەواوی دامودەزگاکانی عێراقەوە و هیوا دەخوازن رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت.
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بەو گرژییانەی لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە کەرکووک دروستبوون.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و ستایشی پێشڤەچوونەکان، هێزە ئەمنییەکان لە شاری کەرکووک رێگرییان لە هاونیشتمانییانی کورد کردووە ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە، ئەوەش نیگەرانی و گرژیی لێکەوتووەتەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداو، فەرحان حەق رایگەیاند: "ئێمە هانی گشتگیریمان داوە لەلایەن تەواو دامودەزگا حکومییەکانی عێراقەوە و بەردەوام دەبین لەسەر ئەوە".
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە: "بەدڵنیایەوە هیوادارین کە لە دۆخی نێوان پێکهاتەی کورد و دەسەڵاتدارانی عێراقدا، تەواوی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام رێزیان لێ بگیرێت."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە: 
 
رووداو: سوپاس. فەرحان، تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی سکرتێری گشتی بۆ عێراق، کە تیایدا ستایشی بەرەوپێشچوونەکانی وڵاتەکەی کرد، بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان گرژیی نوێ، گرژیی نەتەوەیی لە شاری کەرکووکی فرەپێکهاتەدا سەریهەڵداوە، بەوەی هێزە ئەمنییەکان رێگری لە کوردانی ناوچەکە کردووە ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە لەمڕۆدا کە رۆژی ئاڵای کوردستانە. ئایا سکرتێری گشتی هیچ لێدوانێکی هەیە لەسەر نوێبوونەوەی ئەم گرژییانە لەوێ، تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی؟
 
فەرحان حەق: "ئێمە هانی گشتگیریمان داوە لەلایەن تەواو دامودەزگا حکومییەکانی عێراقەوە، و بەردەوام دەبین لەسەر ئەوە. و بەدڵنیایەوە هیوادارین کە لە دۆخی نێوان پێکهاتەی کورد و دەسەڵاتدارانی عێراقدا، تەواوی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام ڕێزیان لێ بگیرێت."