حکومەتی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی پێکدادانە خوێناوییەکەی سەرەتای ئەم ساڵی واشنتنی لەئەستۆ گرت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا دانی بەوەدا نا لە پێکدادانە ئاسمانییە تراژیدییەکەی نێوان هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە نزیک واشنتن بەرپرسە، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بووە هۆی مردنی 67 کەس.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دادگە کە رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 پێشکەش کراوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راپۆرتێکی 209 لاپەڕەییدا بەرپرسیارێتیی رووداوەکەی گرتووەتە ئەستۆ. ئەم بەڵگەنامەیە وەک وەڵامێک بوو بۆ داوایەکی یاسایی سڤیل کە لەلایەن کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکانەوە دژ بە حکومەت و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی تۆمار کرابوو.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکان دانی بەوەدا ناوە کە ئەرکی پاراستنی گیانی داواکارانی لەسەر بووە، بەڵام ئەو ئەرکەی پێشێل کردووە و بەوەش بووەتە هۆی رووداوە تراژیدییەکە.
"خوێناویترین رووداوی فڕۆکەوانی لە چەندین دەیەی رابردوودا"
کارەساتەکە لە 29ـی کانوونی دووەمی 2025 روویدا، کاتێک فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (ئەمێریکان ئیگل) کە لە ویلایەتی کانزاسەوە دەهات و خەریکی نیشتنەوە بوو لە فڕۆکەخانەی (رۆناڵد ریگن)، هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری (بلاک هۆک) کە سەر بە سوپای ئەمریکا بوو، خۆی پێداکێشا؛ بەهۆی پێکدادانەکەوە هەردوو فڕۆکەکە کەوتنە نێو رووباری پۆتۆماک.
ئەمە بە خوێناویترین رووداوی فڕۆکەوانیی سڤیل لە ئەمریکا لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا دادەنرێت و بووە هۆی تووندکردنەوەی رێکارەکانی سەلامەتیی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ریگن.
هۆکاری رووداوەکە و کەمتەرخەمییەکان
حکومەتی ئەمریکا لە بەڵگەنامەکاندا دان بەوەدا دەنێت کە فڕۆکەوانە سەربازییەکانی هەلیکۆپتەرە بلاک هۆکەکە "کەمتەرخەم بوون لە پاراستنی هۆشیاری بۆ بینین و دوورکەوتنەوە لە فڕۆکەکانی دیکە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بووە."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کارمەندێکی چاودێریی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکە "پەیڕەوی رێسا فیدراڵییەکانی نەکردووە". پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی بەرایی دەستەی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوە (NTSB) دەریخستبوو کە ئامێرەکان تێکچوون و کێشەی پەیوەندیکردن هەبووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئاگادارکردنەوەی چاودێری ئاسمانی بۆ هەلیکۆپتەرەکە سەبارەت بە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە "ناڕوون" بووە، بۆیە فڕۆکەوانەکان رێنمایی پێویستیان پێنەگەیشتووە بۆ گۆڕینی ئاراستەی فڕینیان لە چرکەساتەکانی پێش پێکدادانەکە. لێکۆڵینەوەی تەواوەتیی NTSB تاوەکو ئێستا بەردەوامە و رەنگە ساڵێکی دیکە راپۆرتی کۆتایی بڵاوبکرێتەوە.